5 هەزار كامێرای چاودێری دادەنرێت.. لە ڕێی سەنتەرێكەوە باری ئەمنی دەخرێتە ژێر چاودێریی راستەوخۆوە
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) ڕایگەیاند، ماوەیەكە لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی رێككەوتووین كە 5 هەزار كامێرای چاودێری لە هەولێر دابنرێت و ئێستایش بەشێك لە كامێراكان دانراون و سەرقاڵی دانانی كامێراكانی دیكەیشین لە شوێنە گشتییەكان و تەنانەت زۆربەی كوچە و كۆڵانەكانی پایتەختیش، دەگرێتەوە.
لیوا (عەبدولخالق) ڕوونیشی كردەوە، "مەبەست لە دانانی ئەو كامێرایانە ئەوەیە، باری ئەمنیی هەولێر زیاتر جڵەوگیر بكرێت و ڕێ لە كاری نائاسایی و نایاسایی بگرین".
لای خۆییشەوە بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئاماژە دەدات، دانانی ئەو كامێرایانە ئامادەكاریی بۆ كراوە و بە هەماهەنگیی كۆمپانیایەكی بیانی رێكارەكان گیراونەتە بەر.
بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر لیوا (تاریق نووری) گوتی، "دانانی ئەو كامێرایانە بۆ ئەوەیە لەڕووی ئەمنییەوە زیاتر بەرچاوڕوون بین و دەستنیشانی ئەو كەسانە بكەین كە دەستیان لە تاوان و توندوتیژییەكاندا هەیە".
لیوا (تاریق) روونیشی دەكاتەوە، "جگە لە دانانی ئەو 5 هەزار كامێرایە، هەزاران كامێرای دیكە لە لایەن شوێنە گشتییەكان، هۆتێل و ماركێتەكانەوە دانراون و كەرتی تایبەتیش لەم ڕووەوە زۆر هاوكارە".
گوتیشی، "كامێرای بازگەكانی هەرێمی كوردستان (فوول ئێچ دی)ـن و لە دووریی دوو كیلۆمەترەوە وێنەی مرۆڤ و تابلۆی ئۆتۆمبێل بە وردی دەناسنەوە و تۆماری دەكەن".
