ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

 ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە
دەقی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئاسایی سەرکردایەتی پارتی:

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامادە بوونی هەڤاڵان، ئەندامانی ئەنجومەن، لە رۆژی 9/12/2014 ئەنجام درا. دوای دەقیقەیەك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان، چەند تەوەرێك بوون بە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەو گفتوگۆیان لە بارەوە كرا.

تەوەری یەكەم: شرۆڤەكردنی باری گشتی

كۆبوونەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئەمرۆی ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی گفتوگۆی كرد و، بەگرینگیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ روداو و گۆرانكاریەكانی ناوچەكە كرد، كە راستەوخۆ كاریگەرییان هەبووە لەسەر عێراق و كوردستان و، ئاڵوگۆڕی بەسەر زۆر لە پەیوەندیەكانی وڵاتانی ناوچەكە لەگەڵ یەكتری و لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیهاندا هێناوە و هاوكێشەی نوێیان دروست كردووە.

لەم سۆنگەیەشەوە بارودۆخی عێراق و سوریا ئاڵۆزیەكی زۆریان تێدا دروست بووە، كە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر كۆی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە كۆبوونەوە بە نیگەرانیەوە روانییە هەڵكشانی ئیرهاب لەم دوو وڵاتە كە بەداخەوە كوردستانیشی گرتۆتەوە.

خەڵكی كوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەكی جدی دایەو، ئەم هەڕەشەیەش كاریگەریی لەسەر تەواوی كایەكانی ژیاندا هەبووە، بەڵام خەڵكی كوردستان، بە تەواوی چین و توێژە و هەموو پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان بەوپەڕی هەست بە بەرپرسیاریەتی و خۆراگریەوە بەرەنگاری ئەو هەڕەشە جدیانە بوونەتەوە. كۆبوونەوە ئەم هەڵوێستەی جەماوەری كوردستان بەرز دەنرخێنێ و دەست خۆشییان لێ دەكات.

هەروەها كۆبوونەوە سوپاسی قارەمانیی و نەبەردیەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە بەئازایەتی و دڵسۆزییان سەرنجی هەموو دەوڵەت و خەڵكی جیهانیان راكێشاوەو، هەموو لایەك سەرسامیی خۆیان لەو ئازایەتی و قارەمانییە نەشاردۆتەوە.

تەوەری دووەم: پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیداراڵی

دوای هەڵكشان و داكشان لە پەیوەندیەكان و روودانی كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە بەغدا، پەیوەندیەكان رووەو ئاساییبوونەوە دەچن و بەشداریی خەڵكی كوردستان لە پێكهێنانی كابینەی بەرێز حەیدەر عەبادی، سەرەرای هەبوونی چەند تێبینیەك لەسەر شێوازی راگەیاندنەكەی، بەڵام كۆبوونەوە، ئاساییبوونەوەی پەیوەندیەكان لە بەرژەوەندیی هەردوولا دەبینێ و، لەو روانگەشەوە پشتیوانی و دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەت و شاندی یاوەری دەكات بۆ رێكەوتنەكەی ئەم دواییەی بەغدا و بە ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنێ. هیوادارین ئەزموونی كابینەی پێشوی بەغدا دووبارە نەبێتەوە و رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت.

تەوەری سێیەم: بارودۆخی ناوخۆی كوردستان

دوابەدوای روداوەكانی موصل و سەرەرۆیی داعشی ئیرهابی، زیانی گەورە بەر كوردستان كەوت، بەتایبەتی لە شنگال و ناوچەكانی دیكە تا دەگاتە جەلەولا، بەڵام رووداوە دڵتەزێنەكانی شنگال كاریگەریی و ئاسەواری زێدەتری لە هەموو ناوچەكانی دیكە هەبوو. بەڵام سەركردایەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆكی هەرێم و ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەو فەرماندەكانیان، بەپشتیوانی خەڵكی كوردستان و دۆستان و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی، بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، بەری تموحاتی تیرۆریستان گرت و زۆربەی ناوچەكانیان لێ پاك كراوەتەوەو ئومێد دەكەین بەم زوانەش شنگالیش ئازاد بكرێ و تەواوی زیانە مادی و مەعنەویەكان قەرەبوو بكرێتەوە، ئینجا هەموو پێكەوە لە هەوڵی سڕینەوەی كاریگەریی و ئاسەواری ئەو شەڕە داسەپاوەبین، بەتایبەتیش ئەوەی لە شنگال روویدا و هاوڵاتیانی كوردی ئێزیدی لە سەرووی هەموویانەوە.

تەوەری چوارەم: پەیوەندیەكانی ناوخۆی كوردستان

كۆبوونەوە ئەم یەك هەڵوێستی و تەباییەی نێوان لایەنە سیاسیەكان و سەرجەم خەڵكی كوردستانی بەرز نرخاند، چونكە سەرەڕای جیاوازیی بیرو بۆچوونەكان بەڵام یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی هەموو لایەك لە بەرامبەر كێشە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانمان جێگای خۆشحاڵین و مایەی بەهێزبوونی گەلەكەمانە، لە بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی لە مێژینەیان. كۆبوونەوە بڕیاری دا لە پێناوی بەهێزبوونی گەلەكەمان، هەموو تواناكانی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی هاوپەیمانیەتی و یەك هەڵوێستیمان لە كوردستان كە، بەم یەك هەڵوێستیە توانراوە هاوكاربین لە پشتیوانی كوردستانی رۆژئاوا وێڕای هەبوونی شەڕێكی گران بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر، ئینجا چەك وهێزی پێشمەرگە رەوانەی كۆبانێ بكات لە جێی خۆی دا دەزانین. لێرەدا پشتیوانی خۆمان بۆ پەرلەمان و جەنابی سەرۆكی هەرێم دەردەبڕین بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوكاریەی بۆ رۆژئاوای كوردستان بەگشتی و كۆبانێ بەتایبەتی دەكرێت و، سوپاسی هەڵوێست و هاوكاریی گەلی كوردستان لە هەموو پارچەكاندا دەكەین.

تەوەری پێنجەم: بارودۆخی رێكخستن و ناوخۆی پارتیمان

1. كۆبوونەوە دوای تاوتوێ كردنی بابەتیانەی هەماهەنگی و هاوكاری و بەشداری لق و ناوچەو دام و دەزگاكانی پارتیمان لەو شەڕە داسەپاوەی تیرۆریستان بەسەر كوردستاندا، دەستخۆشی لە هەموو لایەك كرد بەكادیرو ئەندام و لایەنگران، كە خۆبەخشانە لە بەرەكانی جەنگ لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكاندا بەرسنگی دوژمنیان گرتووە، هەر ئەوەش لە پەیڕەوانی رێبازی پیرۆزی بارزانی چاوەروان دەكرێت. لێرەدا داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین تەواوی شەهیدەكانی خۆبەخش وەكو شەهیدانی پێشمەرگەی سەنگەر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت لە تەواوی ماف و ئیمتیازاتەكاندا.

2. پارتیمان، هەر لە سەرەتاوە باوەڕی تەواوی بە مافی گەلان هەبووە لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، بۆیە بە باشی دەزانین هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و تەواوكردنی رێكارە یاساییەكانی بەردەوام بێت.

3. كۆبوونەوە، خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێكهێنانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسیی كوردستان دەبڕی، هاوكات داواكارین، بەشداریكردنی پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستان ]توركمان و كلدان ئاشوور سریان[ لە دیاریكردنی نوێنەر لە لایەن خۆیانەوە بێت، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەنددارەكان دەكەین رێكارە یاساییەكان لەو رووەوە ئەنجام بدەن.

4. بكۆبوونەوە دوای شرۆڤە كردنی زروفی مەوزوعی و هەڵسەنگاندنی تەواوی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیی بەستنی كۆنگرەی چواردەهەم، هەموو لایەك گەیشتنە ئەو بڕوایەی بارودۆخەكە بۆ ئامادەكاریەكانی كۆنگرە لەبار نیە، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە مادەی (22) ـ بڕگەی سێیەم ـ خاڵی یەكەم، تەمەنی یاسایی نێوان كۆنگرەی سێزدەهەم و چواردەهەمی بۆ یەك ساڵ درێژكردەوە، بە ئومێدی ئەوەی لە ماوەی ئەم یەك ساڵەدا هەر كاتێ زروفی مەوزوعی لەباربوو كۆنگرە ببەسترێ.

لە كۆتاییدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان وسەرجەم شەهیدانی كوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو و، لە خوای گەورە داواكارین بریندارەكانیش شیفا بدات.

سڵاو لە خۆراگریی پێشمەرگەو جەماوەری كوردستان.

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان
9/ كانوونی یەكەم/ 2014








رووداو
Top