گۆڤاری تایمی ئەمریکی مەسعود بارزانی بۆ کەسایەتی ساڵ کاندید دەکات
بەپێی راپۆرتێکی ئەو گۆڤارە، بۆ کەسایەتی ساڵی ٢٠١٤، گۆڤاری تایم، هەشت کەسایەتی جیهانی دەست نیشان کردووە بۆ ئەو نازناوە کە بڕیارە لە مەراسیمێکدا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ١٠ی کانوونی یەکەم لەشاری نیویۆڕکی ئەمریکی براوەی نازناوەکە ئاشکرا بکرێت
بارزانی یەکێکە لە کاندیدەکان شان بەشانی ڤلادمیەر پوتنی سەرۆکی رووسیا، تیم کوکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ، جاک مای دامەزرێنەری کۆمپانیای بازرگانی چینی عەلی بابا، بەڕێوەبەری گشتی خولی تۆپی پێی ئەمریکی رۆجەر گودێل و کچە گۆرانیبێژی ئەمریکی تایلەر سویفت.
هەروەها گۆڤارە ناوی دوو گروپیشی بۆ ئەو نازناوە دەستنیشان کردووە، کە ئەوانیش خۆپیشاندەرانی شاری فێرگسۆنی ئەمریکی، کە تایبەت بوو بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بەرامبەر بە سیستەمی دادی ئەمریکی سەبارەت بە کوشتنی گەنجێکی رەشپێستی ئەمریکی بەناوی مایکڵ بڕاون لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێستەوە کە دادگای ئەو شارە، پۆلیسەکەی بەبێ تاوان لەقەڵەمدا.
گروپەکەی دیکە بریتییە لەو کەسانەی هاوکاری و یارمەتی تووشبووانی نەخۆشی ئیبۆلایان کردووە، کە نەخۆشییەکی کوشندەیە و ئەمساڵ لە چەندین وڵاتی کیشوەری ئەفریقا پەرەی سەند و بە هەزاران تووشبووی کوشت.
لەبارەی کاندیدەکانەوە و بنەمای دەستنیشان کردنی ئەو کەسانە، نانسی گیبس، یەکێک لە دەستەی بەڕێوەبەری نووسەرانی ئەو گۆڤارە دەڵێ:” کاندیدەکان لە سەر بنەمای ئەوە دەستنیشان کران کە گۆڤاری تایم پێیوایە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رووداو و هەواڵەکانی ئەمساڵی جیهان هەبووە”.
گیبس ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کەسی براوە لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی نووسەرانی گۆڤارەکە دەستنیشان دەکرێت.
ئەم نازناوە لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگییەکی زۆری هەیە و هەموو ساڵێک گۆڤاری تایم، کەسایەتییەکی جیهان بۆ ئەو نازناوە دەستنیشان دەکات و براوەی ساڵی رابردوو پاپا فڕانسیسی پاپای ڤاتیکان بوو، دوو ساڵ لەمەوپێشیش باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا بوو.
گۆڤاری تایم لەساڵی ١٩٢٧وە ئەم نازناوە دابەش دەکات و هەتا ئێستا چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و سەرۆکی وڵاتانی جیهان نازناوەکەیان بەدەست هێناوە، لەوانەش:”مەهاتما گاندی سەرۆک و رابەری مێژووی هیندستان، فڕانکلن رۆسڤۆڵتی یەکێک لە سەرۆکە سەرکەوتووەکانی ئەمریکا، وینستن چێرچڵی سەرۆکوەزیرانی بەریتانی”.
