حەوسەت و چل قوتابیی دیكە لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم وەرگیران

حەوسەت و چل قوتابیی دیكە لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم وەرگیران
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەرگیرانی ٧٤٠ قوتابی لە دەرچووانی دیكە لە ئامادەیی و پەیمانگە پیشەیی و ئیسلامی و نابینایان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران.


پاڵپشت بە كۆبونەوەی لێژنەی باڵای خوێندن و پلانی وەرگرتن كە پەسەندكراوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرگرتن پاڵپشت بە ڕێنماییەكانی وەرگرتن لە زانكۆكانی هەرێم بۆ ساڵی 2014-2015، بڕیاریدا بە وەرگرتنی 740 قوتابی لە دەرچووانی ئامادەیی و پەیمانگە پیشەیی و ئیسلامی و نابینایان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستاندا.


سەبارەت بە وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییە پیشەییەكان بۆ ئەساڵی خوێندنی 2014-2015، بڕیاردرا بە وەرگرتنی 552 قوتابی دەرچووی ئامادەییە پیشەییەكان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان.


لەبارەی وەرگرتنی دەرچوانی ئامادەیی و پەیمانگە ئیسلامیەكانی سەر بە وەزارەتەكانی پەروەردەو ئەوقاف و كاروباری ئاینی بۆ ساڵی خوێندنی 2014-2015، بڕیاردرا بە وەرگرتنی 176 قوتابی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان. هەرچی پەیوەندی بە وەرگرتنی "نابینایان"ەوە هەیە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمساڵی خوێندن بڕیاردرا بەوەرگرتنی 12 قوتابی نابینا لە دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ درێژەدان بە خوێندنیان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
Top