سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی نوێی میسر لە هەولێر دەكات
لە دیدارەكەدا كونسوڵی نوێی میسر كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە وەك كونسوڵی تازەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە. هەروەها سوپاس و پێزانینی گەل و حكوومەتی میسری بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ هەوڵ و قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بەوەدا كە جیهان بە ڕێزەوە سەیری خەبات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان دەكات.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی كونسوڵی تازەی میسری كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كارەكانی بۆ خواست.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا قسەی لەسەر كرا و جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێو هەرێمی كوردستان و میسر كرایەوە.
