دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەبینین، بەڵام گرنگە كورد بتوانێت بە فۆرمێكی لیبڕاڵی بیری نەتەوەیی بخاتەڕوو

دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەبینین، بەڵام گرنگە كورد بتوانێت بە فۆرمێكی لیبڕاڵی بیری نەتەوەیی بخاتەڕوو
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیز بۆ گوتى : ئەوەی روونە ئێستا ئەولەوییەت بۆتە بەگژداچوونەوەی تیرۆر، ئەمەش هەواڵێكی باشە بۆ كورد، چونكە ئەمریكا بۆ ئیحتیواكردنی داعش بە دوای شەریكدا دەگەڕێت و بە دڵنیاییەوە كوردیش لە پێگەیەكی باشدایە. بێگومان كێشەیەك بەرۆكی كورد دەگرێت لە كۆبانێ و عەفرین. كوردەكانی باكووری عێراق و كوردەكانی باكووری رۆژئاوای سووریاش زۆر روونە كە ئەوان لە پێگەیەكی باشدان بۆ یارمەتیدان، بەڵام كوردەكانی عەفرین لە دۆخێكی باشدا نین و دەبێت نیگەران بن. من دەڵێم ئەمە ساتەوەختێكی زۆر مەترسیدارە بۆ كوردەكانی عەفرین، توركیا لە پێگەیەكی زۆر ئاڵۆزدایە، ئەمریكا وەزعی باش نییە لەبەر ئەوەی بە ئەمری واقیع رژێمەكەی ئەسەد شەریكێكی ستراتیژییە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڵام هەم توركیا و هەم ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە توندی نكۆڵی لەوە دەكەن، لەبەر ئەوەی نایانەوێت بەوانەوە گرێ بدرێنەوە.

جۆشوا لاندیز هەروەها گوتی: زۆر كەس لە ئێستادا وا سەیری عەفرین دەكەن كە ناوچەیەكی كوردییە و دوورە لە سەنتەری كوردستانەوە و ئەگەر تیرۆریستانی داعش بڕیاریان دا، هێرش بكەنە سەر عەفرین، ئەوا كێ هاوكاریان دەكات؟ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هات بە هانای كوردەكانەوە لە كۆبانێ، بەڵام توركیا زۆر دوودڵ بووە لەوەی ئەم كارە بكات. بەڵام پەیەدە خۆڕاگر بوو.


شايانى باسه لاندیز هەروەها گوتی: تاوەكو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هەڕەشە بێت بۆ سەر كوردستان و بەغدا، ئەوا كورد و عەرەب رێگەیەك بۆ رێككەوتن دەدۆزنەوە. بەڵام لەو كاتەدا كە بەغدا داعش ببەزێنێت، یاخود داعش لاواز بێت، ئەوا چەندین كێشەی دیكە دروست دەبن، لەبەر ئەوەی ناوچەگەلێك هەن كە كورد و عەرەب پێكەوە تێیدا دەژین، هەروەها سنوورێكی روون نییە لە نێوانیاندا، بە هەمان شێوە كوردەكان چەندین ناوچە كۆنتڕۆڵ دەكەن كە عەرەبەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن خاكی ئەوانە. هەر بۆیە زۆر كەس مشتومڕی ئەوەیان دەكرد، نابێت ئەمریكا چەك بداتە كورد، یاخود دەبێت بە شێوەیەكی سنووردار بێت، بە دڵنیاییەوە ئەمەش ئەو پرسیارە دەهێنێتەئاراوە كە كێ خاوەنی زەوییە لە عێراق. ئەم پرسیارەش دەبێتەهۆی ئەوەی لە ئایندەدا كورد و عەرەب بۆ ماوەی چەندین دەیە بۆچوونی جیاوازیان هەبێت.

لە درێژەی درێژەی دیدارەكەیادا لاندیز گوتی: - بۆ وڵاتە سوننەكان ئەمە راستە، چونكە وڵاتە سوننەكان زۆر دابەش بوون، بۆ نموونە دابەش بوون لە نێوان توركیا و سعودیەدا هەیە، توركیا پشتیوانی ئیخوان موسلمین دەكات، عەرەبستانی سعودی ئیخوان موسلمین بە دوژمنێكی سەرسەخت دەزانێت. بەم دواییەش لە سووریا پێكهێنانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشگێڕیمان بینی، 17 گرووپی میلیشیا لە توركیا كۆبونەوە بۆ ئەوەی فەرماندەیەكی هاوبەش دروستبكەن كە زۆربەیان ئیسلامین. عەرەبستانی سعودی و ناوچەكانی دەوروبەری درعا بەشدارییان لەمەدا نەكرد، كەواتە تەنانەت ئەم دابەشبوونەش دەبینین لە نێوان ئەو سوننانەی پشتیوانی ئیخوان موسلمین دەكەن و ئەو سوننانەی دژی ئیخوان موسلمینن لە نێوان باكوور و باشووردا، كە سعودیە لە باشوورە و پەرە بە گرووپگەلێكی جیاواز دەدات كە جیاوازە لە نفووزی توركیا لە باكوور. واتە جیهانی سوننە بوونی هەیە و دژی شیعە و دژی عێراق و بەغدا و دژی سووریا و دیمەشقن، بەڵام هاوڕا نین، بۆیە من پێموا نییە ئاڵ و گۆڕێك دروست بێت بەو مانایەی كە پشت بكەنە سوننەكان و رووبكەنە شیعەكان. بەڵام كاتێك ئەمریكا دووردەكەوێتەوە لەم ناوچەیە، رۆڵێكی كەمتری دەبێت لەم شەڕی دەسەڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە هەوڵدەدات هاوسەنگیی ئێران بەرامبەر سعودیە رابگرێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1004)
Top