عێراق وەك دەوڵەتێكی كارا بە یەكگرتوویی نامێنێتەوە لەبەر ئەوەی بڕوای بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان نییە

عێراق وەك دەوڵەتێكی كارا بە یەكگرتوویی نامێنێتەوە لەبەر ئەوەی بڕوای بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان نییە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان باڵوێز ئیتمارا رابۆنوڤیچ لە ئامۆژگای برۆكینگز بۆ گوتى: ستراتیژیەتی ئەمریكا بەرامبەر تیرۆریستانی داعش تەنها لە بەشێكیدا سەركەوتوو بووە، ئەویش هێرشی سەرەتا بوو. لە بیرتانە كاتێك چەند مانگێك پێش ئێستا داعش هێرشی كردە سەر موسڵ و پێشڕەوی كرد بەرەو بەغدا، وا پێدەچوو بەشێكی زۆری عێراق و بەدڵنیاییەوە وڵاتانی دیكەش وەك ئەردەن داگیر بكات، ئەو كاتە زیادەڕەوی تێدا كرا، هەروەها ئیدارەی ئەمریكا كارا بوو لە راگرتنی هێرشەكانی داعش لە ئاسمانەوە و بەوەش تا راددەیەك دەتوانن داعش لاواز بكەن، بەڵام بەس نییە بۆ تێكشكاندنی، لەبەر ئەوەش بوو كە وتم لە بەشێكیدا سەركەوتووە.

هەروەها برۆكینگز بۆ گوتى: پاراستنی دەوڵەتی عێراق وەك دەوڵەتێكی كارا ئەركێكی زۆر قورسە، بە دڵنیاییەوە وڵاتێك پێكهاتبێت لە سێ گرووپی ئیتنی جیاواز، كورد و زۆرینەی عەرەبی شیعە و كەمینەی عەرەبی سوننە، دەبێت فرەیی ئیتنی تێدا بێت و گرووپی جیاواز بەشداری بكەن لە دەسەڵاتدا، ئەوەش دەبێت وەك سویسرا یاخود بەلجیكا لە چوارچێوەی سیستمێكی فیدڕاڵی دەسەڵاتەكان دابەش بكرێن، ئەمەش بە شێوەیەكی ئاسایی و لە پرۆسەیەكی دوور و درێژدا گەشە دەكات و وڵاتەكەش درك بەوە دەكات كە دەبێت پێكەوە كاربكەن، ئەگەرنا بارودۆخەكە خراپ دەبێت. بەداخەوە لەو كاتەوەی عێراق لە ساڵی 1920دا دروست كرا، ئەوا لەسەر بنەمای باڵادەستی كەمینەی سوننە پێكهێنرا، سیاسەتی سەدەی پێشووی عوسمانییە توركەكانیش لەلایەن بەریتانییەكانەوە درێژەی پێدرا و دوای كۆتایی هاتنی رژێمەكەی سەددام حوسێن دەسەڵات لە سوننەكانەوە بەرەو شیعەكان گوازرایەوە، بەداخەوە شیعەكان بەڕاستی دەسەڵاتیان دابەش نەكرد، پێموایە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كاراتر دەبێت، لەبەر ئەوەی تێدەگەن كە دەبێت رێز لە ئیدارە خۆبەڕێوەبەرێكەتان بگرن، لەبەر ئەوەی ناتوانن تەحەددای بكەن، بەڵام ئەوەی تەحەددیەكی سەرەكییە ئەوەیە كە پێكەوە بەرەو پێش بچن. ئێرانیش دەوڵەتێكی بەهێزە و تمووحی هەیە لە ناوچەكەدا و نفوزێكی زۆری هەیە لە ناو شیعەی عێراق، هەروەها سعودیەش دەوڵەتێكی سوننەیە و دەستێوەردان لە عێراق دەكات و لە ركابەرییەكی ئیقلیمیدایە.

شایانی باسە رابۆنوڤیچ گوتی: بە داخەوە موعارەزەی میانڕەوی سووریا زۆر بەهێز نییە و تاكە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ژێمەكە ئیسلامییەكانن، ئەویش هەموویان نا، راستە بەرەی ئەلنوسرە و گرووپی ئیسلامی دیكە هەن، بەڵام كاراترین گرووپی سووریا بریتیە لە داعش، من وای نابینم كە ئەگەری ئەوە هەبێت ئەسەد بتوانێت درێژە بە كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم سووریا بدات، بەڵام ئەمە مایەی نیگەرانییە بۆ توركیا و بۆ ئەمریكا و بۆ ئەردەن.

لە درێژەی دیدارەكەیدا برۆكینگز گوتی: هەزاران موسڵمانی ئەوروپا روودەكەنە سووریا و سنووری توركیا دەبڕن و دەچنە ناو داعشەوە، ئەگەری ئەوەش هەیە بگەڕێنەوە و كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و.. هتد، دەزگاكانی ئاسایشیش هەوڵ دەدەن چاودێرییان بكەن. بەڵام هۆشیارییەكیش هەیە لە جیهاندا و هەست بەوە دەكەن كە ئەمە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1004)
Top