ساڵح موتڵەگ: کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە کراون

 ساڵح موتڵەگ: کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە کراون
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە(ساڵح موتڵەگ) ڕایگەیاند، پاش چارەکردنی کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێدەنێینە قۆناخێکی نوێوە لە پێوەندی و هەماهەنگیی ڕاستینە لە نێوان هەردوو لادا، تا وێکڕا بەرەوڕووی تیرۆریستانی داعش ببینەوە.

(د.ساڵح موتڵەگ) لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ KDP.info، جەختی کردەوە کە "باوەڕم وایە کە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە کراون، ئەوەی ماوەتەوە کێشەی لاوەکین و وەک چۆن کێشە گەورەکان چارە کران ئەوا بچووکەکانیش چارە دەکرێن"، چونکە نیازپاکییش هەیە بۆ چارەکردنی گرفتەکان، ئەوا پێم وایە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا یەکلا دەبنەوە."

زیاتر گوتی "پێدەنێینە قۆناخێکی نوێوە، کە تێیدا هەماهەنگیی ڕاستینە لە نێوان کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا هەبێ بۆ بنیاتنانەوەی عێراق کە توانای بەرەنگاربوونەوەی بەرانبەرەکەی هەبێ، عێراقێکی بەهێز، عێراق بۆ هەمووانە و هەمووانیش دەتوانن تێیدا بژین"، ئاماژەیشی دا "ئەگەر ڕێککەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا بێتە ئاراوە و، لە نێو خۆیاندا ڕێک بکەون، ئەوا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە دەبن."
Top