شوێنێکی دیکەیان لە چنگ داعش دەرهێناوە.. فەرماندەی پێشمەرگە لە کۆبانی: سەرکەوتنی زیاتر بە دەست دێنین
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی عەمید(شەوکەت مزووری) بە kdp.infoی راگەیاند: "شەڕڤانان بە ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی بەردەوام لە پێشڕەویدان، بەڵام بە ھۆی ئەوەوە کە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانە، پێشڕەویی کەمێک بە هێنمنییە تا بە کەمترین زیان بە ئەنجام بگات، ئەگینا لە ئازایەتیی داعش، چونکە ورەیان رووخاوە و توانای ھێرشکردنیان نەماوە، هەڵبەت لە بەرگریکردنیش زۆر لاواز بووە، چونکە لە ھەر شوێنێک ھێرش بکەن، تۆپخانەکانی ئێمە بێدەنگیان دەکەن."
گوتیشی، لە هەر بەرەوڕووبوونەوەیەکدا کوژراوی زۆر دەدەن و، لە ئێستایشدا تەرمی ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعش لێرە جێماون و چەندان تەرمی دیکەیشیان کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵاخانە خاپووربووەکانەوە.
عەمید(شەوکەت مزوری) وەبیری هێنایەوە کە، "پاش چوونی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی، بەشی زۆری ئەو شارە کەوتووتەوە ژێر کۆنترۆڵی ئێمە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا، سەرکەوتنی گەورەتر بە دەست دەھێنین."
ڕایشیگەیاند کە، ئەمڕۆ شەممە، پێشمەرگە و شەڕڤانان توانیانە شوێنێکی دیکە لە چەکدارانی داعش پاک بکەنەوە.
عەمید(شەوکەت مزوری) دەشڵێت، ئەو ھێزە نوێیەی پێشمەرگە چوونەتە کۆبانی، ھەموویان بە ورەیەکی بەرزەوە لە سەنگەرەکانی شەڕدان و سەلامەتن.
