چەكی نوێ گەییشتە دەست پێشمەرگە.. 40 تیرۆریستی داعش لە باشیك كوژران
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە لیوای 7ـی پیادەی سۆران عەمید (بەهرام عەریف یاسین)، بە KDP.INFOـی ڕاگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری باشیك، چەكی نوێی ئەڵمانیایی و پێشكەوتوویان گەییشتوونەتە دەست و بەسەر هێزەكانی پێشمەرگەدا دابەش كراون و لە سەنگەرەكان جێگیر كراون، پێشمەرگەیش لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ ئەوەی زەبری كوشندە لە تیرۆریستان بوەشێنێت.
عەمید (بەهرام) ئاماژەیشی دا كە، تیرۆریستانی داعش لەو سنوورە بە تەواوی تێك شكاون و توانای هێرشكردنیان نییە، لە بەرانبەردا تەنیا دوێنێ هێزەكانی پێشمەرگە و فڕۆكەی هاوپەیمانان لەو سنوورە زیاتر لە حەوت موڵگەی گرینگی داعشیان بۆردوومان كردن و گشتیان تێك دران.
ئەو فەرماندەیەی لیوای 7ـی سۆران زیاتر گوتی، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا زیاتر لە 40 تیرۆریستی داعش كوژراون و زۆربەی كوژراوەكانیش بە رەگەز عەرەبن كە خەڵكی مووسڵ و بەعاج و تەلەعفەرن، لە بەیانییشەوە داعش سەرقاڵی ناشتنی لاشەكانیانن.
(بەهرام) دووپاتیشی كردەوە، لە سنووری خازرەوە بگرە تاكو دەگاتە بەنداوی مووسڵ، هێزەكانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودان و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو ناوچانەیش لە تیرۆریستانی داعش پاك دەكرێنەوە.
ناحیەی باشیك سەر بە قەزای حەمدانییەیە و دەكەوێتە دووری 12كم باكووری رۆژئاوای شاری مووسڵ، ناوچەیەكی گرینگی كشتوكاڵییە و دانیشتووانەكەی زۆربەیان كوردانی ئێزدین، هەروەها بەشێكی كەمیشیان مەسیحی و شەبەكن.
باشیك لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كۆنتڕۆڵ كراوە و، خەڵكێكی زۆریش ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، هێزەكانی پێشمەرگەیش رۆژانە زەبری كوشندەیان لێ دەدەن و بۆردوومانیان دەكەن.
