کۆبانێ.. لە دوو رۆژدا شەش هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر داعش
سەركردایەتی ناوەندیی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، کە "فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا شەش هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر بنكە و بارەگاكانی چەكدارانی داعش لە چواردەوری شارۆچكەی كۆبانێ و زیانێكی زۆریان پێگەیاندون".
هەروەها بەپێی بەیاننامەکەی سەرکردایەتی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی 14 هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر بنكە و بارەگاكانی چەكدارانی داعش لە عێراق بەتایبەتی بۆ سەر ئەو ناوچە نەوتییانەی داعش لە باكووری عێراق كۆنتڕۆڵی كردوون".
بەپێی بەیاننامەكە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكانی نزیك قائیم، چوار هێرشیان كردووەتە سەر بنكە و بارەگاكانی داعش و زیانێكی زۆریان پێگەیاندووە، هاوكات لە ناوچەكانی نزیك شاری كەركووك، سامەڕا، تەلەعفەر و فەللـوجە خاڵە سەربازییەكانی چەكدارانی داعشیان كردووەتە ئامانج".
سەركردایەتی ناوەندی ئەمریكا هەروەها دەڵێت: " لە ئاكامی دوو هێرشی ئاسمانی لە نزیك شاری موسڵ، كە دوو یەكەی سەربازی رێكخراوی داعشیان كردبووە ئامانج، 11 حەشارگەی چەك و تەقەمەنی و ژمارەیەك پارچە چەكی قورس و ئۆتۆمبێلێكی سەربازی وێرانكران".
رووداو
