گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەعدییە زیاتر لە 240 تەرمیان تێدایە

گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەعدییە زیاتر لە 240 تەرمیان تێدایە
پاش ئەوەی لە سنووری شارەدێی سەعدییە سێ گۆری بە كۆمەڵ دۆزرانەوە، بە پێی زانیارییەكان لە ناو ئەو گۆرانەدا زیاتر لە 240 تەرم هەیە و ژمارەیەكیشان پێشمەرگەن. ئاشكرابوونی ئەو گۆرانە لە رێكەی دیلێكی داعشەوە بووە.


سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە سەعدییە كە نەیوست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پاش ئەوەی لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە چەكدارێكی داعش دەستگیر كرا و دواتر ئەو چەكدارە رادەستی هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان كرا، لە لای هێزەكانی ئاسایش لە كاتی لێكۆڵینەوە دانی بەوەداناوە كەلە سنووری سەعدییە چەند گۆرێكی بە كۆمەڵی شەهیدەكانی پێشمەرگەو كوژراوەكانی داعش و هەروەها هاووڵاتی بێتاوان هەیە.

سەرچاوەكە وتیشی، ئەو گۆرانەیان ئاشكرا كردووە كە یەكێكیان دەكەوێتە نزیك نەخۆشخانەی سەعدییە و گۆرێكیشیان لە ناوچەی كوباشیە و ئەوی دیكەش لە سەربازگەی كۆبرایە كە بە پێی زانیارییەكان زیاتر لە 240 تەرم لەو گۆرە بە كۆمەڵانەدا هەن و ژمارەیەكیشیان ئەو پێشمەرگانەن كە شەهیدبوون یان بە دیل كەوتنە دەستی چەكدارانی داعش. هاوكات لە ناو گۆرەكان جگە لە هاووڵاتی بێتاوان هەروەها ژمارەیەكی زۆریان چەكداری داعشن كە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەو فرۆكە جەنگییەكانەوە كوژراون.

سەرچاوەكەی ئاژانسی پەیامنێر وتیشی، بە مەبەستی بە دۆكیۆمێنت كردن و هەروەها بە شێوەیەكی زانستی پرۆسەی هەڵدانەوەی ئەو گۆرانە بەرێوەبچێت داواكراوە لایەنی پەیوەندیدار و تیمی پسپۆر كاری هەڵدانەوەی كۆرەكان لە ئەستۆ بگرن.

وتیشی، لەبەر ئەوەی دادگای شەرعی داعش لە سەعدییە بووە، هەربۆیە ئەوانەی كوژراون و یان شەهیدبوون لە لایەن ئەو دادگایەوە فەرمانیان بۆ دەركراوە.
Top