جۆن کیری: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی گەورەیە
ئەمڕۆ (چوارشەممە 3-12-2014) لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بەڕێوەچوو.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کیری لەگەڵ عەبادی کۆبووەوەو پیرۆزبایی لە عەبادی کردووە بەبۆنەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە و گوتوویەتی: "ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، هەروەها رێککەوتنێکی گەورەشە بۆ عێراق".
رۆژی سێشەممە (2-12-2014) حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رایانگەیاند كە لەسەر هەناردەكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رۆژێكدا بە چاودێری بەغدا رێككەوتن بەرامبەر بە ناردنی پشكی 17%ی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی.
هاوكات بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بڕیارە حكومەتی عێراق بە بەهای ترلیۆنێك و ٢٠٠ ملیار دیناری عێراقی هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات و ٣ ترلیۆن دیناری دیكەش وەك كرێدەستی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوتی كوردستان بۆ هەولێر بنێرێ.
رووداو
