عیسمەت رەجەب: پێشمەرگەیش لە ڕزگارکردنی مووسڵ بەشدار دەبێ.. ھێرشەکەی ئەمڕۆ زیانی لە داعش دا

 عیسمەت رەجەب: پێشمەرگەیش لە ڕزگارکردنی مووسڵ بەشدار دەبێ.. ھێرشەکەی ئەمڕۆ زیانی لە داعش دا
کەتیبەکانی مووسڵ لە چەند ناوچەیەکی مووسڵ ئەم بەیانییە، ھێرشیان کردە سەر تیرۆریستانی داعش و زیانی زۆریان لێ دان و بەرپرسی لقی چواردەی پارتییش لە مووسڵ دەڵێت، لەئێستادا پلان و ئامادەکاری دەکرێت بۆ رزگارکردنی مووسڵ و ھێزی پێشمەرگەیش بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەکات.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە kdp.infoی راگەیاند "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ، لە گەڕەکەکانی وەحدە و سۆمەر و زوببات، ھێرشیان بۆ سەر چەکدارانی داعش دەست پێکرد و ماوەی چەند سەعاتێک شەڕ بەردەوام بوو، لە ئاکامدا زیانی زۆر بەداعش گەیەندرا."

(عیسمەت رەجەب) ئاشکرایشی کرد کە، "لەئێستادا پلان دادەنرێت و ئامادەکاری دەکرێت و زۆر لایەن ھەن کە پێویستە ھەماھەنگییان لەگەڵدا بکرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵ دەست پێ بکات"، ئەو دەربارەی ئامادەکارییەکانی پلانەکەیش گوتی "ئەوەی گرینگە وەک قۆناخی یەکەم، خەڵک ھاوکاریی هێزە ڕزگارکەرەکان بکات، قۆناخی دووەمیش ھێزێکی گەورەی پێویستە، چونکە مووسڵ شارێکی گەورەیە."

(ڕەجەب) گوتیشی، "ھێزی پێشمەرگە، لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی مووسڵ ھاوکاریی ھێزەکانی عێراق دەکات، بەڵام لەوێ نامێنێتەوە."
Top