نێچیرڤان بارزانی: ئەمە رێككه‌وتنی كۆتایی نییه‌

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە رێككه‌وتنی كۆتایی نییه‌
(نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، ئەوەی گرینگە لەو کۆبوونەوانەیاندا لەگەڵ بەغدا دەستیان کەوتووە ئەوەیە کە، توانیویانە دوو شت بچەسپێنن. ئەوانیش هەڵگرتنی هەموو ئەو سزایانەیە كە لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان دانرابوو. دووەمیش، ڕێککەوتنە دەربارەی هەناردەكردنی نەوت و بودجەی كوردستان و بودجەی پێشمەرگە.



دواى ڕێككه‌وتنى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق، ئێوراه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى دیسه‌مبه‌رى 2014 شاندى باڵاى حكوومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تیى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى) گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر. له‌ به‌غدایش دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پاش بەكۆتاهاتنی كۆبوونەوەكان، (نێچیرڤان بارزانى) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و ئەو ئەنجامانەی تا ئێستا لە دانوستانەكاندا پێی گەیشتوون؛ خستەڕوو.


سەرەتا سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو و گوتی: "ئێمە لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوو كە لە بەغدا بووین، بۆ چارەكردنی ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و وەزیری نەوت و ئەو تیمەی بۆ گفتوگۆ دایاننابوو؛ ئەنجام دا و ئەمڕۆ كۆتایی بەو سەردانەمان دێنین".


ئەولەویەت بۆ ئێمە چارەكردنی كێشەکانن

دەربارەی ئەوەی كە ئایا كۆبوونەوەكان بە چ شێوەیەك بەڕێوەچوون؛ (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "دەمەوێ ئەوە بڵێم كە بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكان زۆر باش بەڕێوە چوون. ئێمە بینیمان كە خواستێكی باش بۆ چارەكردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لای سەرۆكوەزیران و وەزیری نەوت و هەموو ئەو وەزیرانەی حكوومەتی بەڕێز (عەبادی)، هەیە. ئەوان دەخوازن كێشەكان بە شێوەیەكی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارە بكەن. ئێمە لە ڕۆژی یەكەمەوە دووپاتمان كردووەتەوە و دەمانەوێ جارێكی دیكەش دووپاتی بكەینەوە كە ئەولەویەت بۆ ئێمە چارەكردنی ئەو كێشانەی كە هەیە لەگەڵ بەغدا بكرێت، ئێمە ئەوەمان لە هەموو بژاردەكانی دیكە پێ باشتر بوو".


(نێچیرڤان بارزانی) دەربارەی ئەو ڕێككەوتنانەی لە كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق پێی گەییشتوون گوتی: "دوای ئەوەی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق بە تاكلایەنە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئێمە زۆر هەوڵمان دا ئەم كێشەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بكەین، خۆشبەختانە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز (عەبادی) و ئەو تیمەی لە گەڵیەتی گەییشتووینەتە هەندێك ڕێككەوتن كە پێمانوایە ئەو ڕێككەوتنانە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و بەغدادایە و بە شێوەیەك كراوە كە دەتوانین بڵێین هەردوو لامان بە سەركەوتوویی لەو پرۆسەیە دەرچووین".


بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی 17% دەبێ

دەربارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەیش سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێم گوتی: "ڕێككەوتنەكە بەمشێوەیە دەبێت: ڕۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا دابین دەكەین، یارمەتییان دەدەین بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك. لە پاڵ ئەمەشدا ئەوان بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی كە 17%یە و هەمیشە دووپاتمان كردووەتەوە كە ئەو ڕێژەیەی دەینێرن 17% نییە و كەمترە لەو ڕێژەیە، ئەوە بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەبێت".

دەربارەی پرسی پێشمەرگە و شایستەكانی كە یەكێك لەو كێشانەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ پێشمەرگە نیشان دا، بە تایبەت بۆ ئەو خەبات و قوربانیانەی كە داویەتی و ئێستایش لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆرە. ئەوان لەسەر ئەوە ڕازی بوون كە بڕەپارەیەك بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت كە نزیكەی 1 ترلیۆن و 200 ملیار دینارە ".


ڕێككەوتنی كۆتایی نییە، بەڵام پێمان وایە سەرەتایەكی باشە

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دوا و گوتی: "ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا، ڕێككەوتنی كۆتایی نییە، بەڵام پێمان وایە سەرەتایەكی باشە. كۆمەڵێك كێشەی دیكە ماون كە دەبێ لەو ماوەیەدا گفتوگۆیان لەسەر بكەین و بگەین بە رێككەوتن. ئەمە دەستپێكردنێكی باشە لە لایەن هەردوولاوه‌ بۆئەوەی بتوانین لە ماوەی شەش مانگ یان زیاتردا، هەموو كێشە و گرفتەكان چارە بكەین. دەتوانم بە شێوەیەكی گشتی بڵێم ئێمە بەم ڕێككەوتنە خۆشحاڵین و بە دەستكەوتێكی باشی دەزانین بۆ هەموو لایەك. لەچاو ئەو كێشانەی پێشتر لە هەرێمی كوردستان هەمانبووە، ئێمە قۆناخێكی باشمان بڕیوە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم، ئەوەی ئێمە بینیمان لە بەغدا، ئارەزووی به‌ڕێز سەرۆكوەزیران بۆ چارەكردنی كێشەكان، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان هان دەدات بۆ ئەوەی زیاتر بێینە پێش؛ چونكە وەك باسم كرد ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە، كێشەكانی خۆمان لەگەڵ بەغدا چارە بكەین ."

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی گوایە گوشاری دەرەكی، بە تایبەت ئەمه‌ریكا و لایەنەكانی دیكە لەسەر شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێككەوتن؛ (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "هیچ گوشارێك لەسەر ئێمە نەبووە. ئەوەی كە كردوومانە بە خواستی بەغدا و هەولێر بووە و ویستوومانە بگەینە ئەنجام و هیچ فشارێك لەسەر ئێمە نەبووە. ڕۆڵی ئەمەریكا و بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان هاندانی هەردوو لایەنی دانوستانكار بووە بۆ گەییشتن بە ڕێككەوتن و هیچ دەستوەردانێكیان لە وردەكاریی پرۆسەكە نەكردووە و هیچ گوشارێكیان نەبووە و ته‌نانه‌ت لە ڕێكخستنی ئەو دانیشتنەیش هیچ ڕۆڵێكان نەبووە. وەك دەزانن بەڕێز (د. عادل عەبدولمەهدی) ماوەیەك لەمەوبەر هاتە هەولێر و لەگەڵ كاك (قوباد) و بەندە دانیشت و لەوێ لەسەر ئەوە ڕێككەوتین ئێمە بێینە بەغدا و دەست بە گفتوگۆ بكەین".



ڕێككەوتنێكی زۆر گرینگ

(نێچیرڤان بارزانی) دەربارەی ئەو بڕەپارەیەی بۆ هێزی پێشمەرگە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە تەرخان كراوە كە ئایا لە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان دەدرێت یان نا، گوتی: "ئەو بڕەپارەیەی كە بۆ هێزی پێشمەرگە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و دابین دەكرێت، لە دەرەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق دەبێت. واتە لە دەرەوەی 17%ی بەشەبودجەی هەرێم دەبێت. ئەوان ئەوەیان قبووڵ كردووە كە پێشمەرگە ببێتە بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق. ئەمە ڕێككەوتنێكی زۆر گرینگە كە دوای 11 ساڵ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەو پێشنیازە قبووڵ كرا. ئەوان لە بودجەی بەرگریی عێراق بەشێك لە پارە بۆ پێشمەرگە دابین دەكەن."


هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان(قوباد تاڵەبانی) لە وەڵامی پرسیارێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەم ڕێككەوتنە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە و هەردوو حكوومەتیش نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكەن و، پەسەندكردنی ئەم ڕێككەوتنەش لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا دەبێت و پێموایە هەموو لایەنەكان پشتگیری لە ڕێككەوتنەكە دەكەن."


سولفەیەكی دیكەش وەردەگرین

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی فەرمانبەران و خاوەنكار و بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگرییان لە بەرامبەر دواكەوتنی مووچە و سولفەكانیان و گوتی: "وەك دەزانن ئێمە پێشتر سولفەیەكی پارەمان وەرگرتووە و سولفەیەكی دیكەش وەردەگرین. هیوادارین تا مانگی یەكی ساڵی داهاتوو بتوانین بگەینە ئەو ئاستەی پرسی مووچە بە شێوەیەكی گشتی چارە بكرێت".


دەربارەی ناردنی نەوتی كەركووك بە ڕێگەی بۆریی نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "لە ڕووی عەمەلییەوە نەوتی كەركووك دەبێ لە هەرێمی كوردستانەوە دەربچێت، ئێمەش لەسەر ئەوە ڕازی بووین كە ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بە بۆریی نەوتبەری هەرێمی كوردستان دەربچێت. لەوانەیە هەر لەم هەفتەیەدا دەست بە كاری تەكنیكی بكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرسە، وەك دانانی بۆڕیی نەوتبەر و هیوادارین بە زووترین كات بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە."


(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها ناردنی نەوتی كەركووكیشی بە قازانج بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق لە قەڵەم دا و ڕەتیشی كردەوە هەرێمی كوردستان هیچ بەرامبەرێك بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك وەربگرێت، چونكە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا كار دەكات و ئەمەش دەرفەتێك دەداتە هەرێمی كوردستان هەموو كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارە بكات و بۆچوونەكان بۆ هەناردەكردنی نەوت یەكبخرێن و بەبێ سترێس كێشەكان چارە بكرێن.


دەربارەی ئەو نەوتەی كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ دەینێرێتە دەرەوە، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "ئەو نەوتەی كە هەمانە دینێرینە دەرەوە، بەڵام پرسەكە هەر هەناردەكردنی نەوت نییە، بەڵكو دەبێت هەندێكی لە ناوخۆی وڵات سوودی لێ وەرگرین بۆ پاڵاوتەكان و پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە ئەمە بۆ حكوومەتی هەرێم ئەولەویەتە و ئەگەر شتێكی لێ مایەوە بینێرین بۆ دەرەوە، ئەوا دەینێرین."


دوو خاڵی بەدەستهاتووی گرینگ

لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی ماوەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "یاسای بودجه‌ بۆ یەك ساڵە. ئێمە كە لە هەولێرەوە هاتووین ستراتیژیەتمان ئەوە نەبووە هەرچیی كێشەمان لەگەڵ بەغدا هەیە هەمووی بە كۆبوونەوەیەك، یان دوو كۆبوونەوە چارە دەكرێت؛ ئێمە پێمانوابوو لە هاتنی ئێمە بۆ بەغدا، دەبێت ستراتیژێك دابنێین چۆن بتوانین كێشەكانمان چارە بكەین، ئێستا ئێمە ئەو ستراتیژیەمان داناوە. ئەو ڕێككەوتنەی كە ئێستا لەگەڵ بەغدا كردوومانە، دەرگایەك دەكاتەوە بۆ ئێمە كە بتوانین لەو ماوەیەدا، جا شەش مانگە، یان ساڵێكە، هەموو ئەو كێشانەی لە نێوان ئێمە و بەغدا چارە نەكراون، چارە بكرێن. بەڵام ئەوەی گرینگە ئێمە توانیمان دوو شت بچەسپێنین. یەكەمیان: هەڵگرتنی هەموو ئەو سزایانەیە كە لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان دانرابوو. دووەمیش: ئێمە لەسەر هەناردەكردنی نەوت و بودجەی كوردستان و بودجەی پێشمەرگە ڕێككەوتین.


ئەو شتانەی دیكەی كە ماون پرسی ماددەی 140 و وردەكارییەكانی دیكەی شایستەكانی هێزی پێشمەرگە و پرسەكانی دیكەیە و ماوە بۆ چارەكردنی ئەوانیش دیاری دەكرێت. تەنانەت باسی مافی هەرێمی كوردستان و شایستەكانی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی ساڵی 2014 و پێشتریش كە بە هەرێمی كوردستان نەدراوە دەكرێت كە 16 ترلیۆن دینارە و لە وەزارەتی داراییی عێراق ئەو بڕە پارەیە جێگیر كراوە و قسەی لەسەر دەكرێت. ئەمانە هەموو ئەو كێشانەن كە ناتوانرێن بە كۆبوونەوەیەك هەموویان چارە بكرێن و پێویستیان بە كۆبوونەوە و دانیشتنی زیاتر هەیە و بە هیوای ئەوەی بگەینە چارەسەرێك ".


حكوومەت بە پێدانی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاووڵاتییان پابەندە

سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ئەوەی دووپات كردەوە كە هەموو ناكۆكییەكان بە سەردانێك و چەند دانیشتنێك كۆتاییان نایە و هاتنی شاندی حكوومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا بەمەبەستی دانانی ستراتیژێك بۆ چارەكردنی كێشەكان بووە. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لەگەڵ بەغدا كراوە، دەرگایەك دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی شەش مانگ یان ساڵێكدا، هەموو كێشەكان چارە بكرێن.


دەربارەی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاووڵاتیانیش، (نێچیرڤان بارزانی) پابەندبوونی حكوومەتی بە پێدانی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاووڵاتییان دووپات كردەوە و گوتی: "هیچ سولفە و مووچەیەك نافەوتێت".


لە وەڵامی ئه‌و پرسیاردا كە ئایا هیچ گارانتییەك هەیە جارێكی دیكە حكوومەتی عێراق بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕێت، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێم گوتی: "هیچ گارەنتییەك نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕدرێت؛ بەڵام با لە یادیش نەكەین ئەگەر بودجەی ئێمەیان بڕی، خۆ كلیلی هەناردەكردنی نەوت بە دەستی ئێمەیە، بەڵام ئێمە نامانەوێت بەو زمانە قسە بكەین و هیوادارین قسەكردن بە زمانی هەڕەشە لە هەموو عێراق كۆتایی بێت. ئێمە دەمانەوێ لاپەڕەیەكی نوێ بكەینەوە و هیوادارین زمانی هەڕەشە نەمێنێت".


دەربارەی بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق بۆ ڕزگاركردنی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی داعشدان,سه‌رۆكوه‌زیرانیهەرێمی كوردستان گوتی: "ئێستا پێشمەرگە بە درێژاییی 1100 كیلۆمەتر لە بەرگریدایە و سه‌رۆكوه‌زیرانیعێراقیش پێزانینی بۆ ئەم بەرخودانە هەبوو. ئەوەی پێشمەرگە دەیكات، گەورەترین هاوكارییە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان بە شێوەیەكی گشتی؛ چونكە ئێمە شەڕێكی گەورەی بەرگری لە دژی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانی دەكەین".


سەبارەت بە پابەندبوون یان پابەندنەبوون بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئەو ڕێككەوتنە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند كراوە و بووەتە بڕیار و حكوومەت پشتیوانیی ئەو ڕێككەوتنەی كردووە. ئێمە لە لای خۆمانەوە جێبەجێی دەكەین و لە لایەن بەغدایشەوە ئەم خواستە دەبینین. ئێمە سوود لە هەموو دەرفەتێك وەردەگرین بۆ ئەوەی بگەینە چارەیێكی وەها كە خزمەتی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق بكات. چەندی جێبەجێ دەكرێت یان ناكرێت؛ ئەوا دواتر دەیبینین".


Top