كوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە عێراق

 كوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە عێراق
دواجار قوفڵی نەوتی كوردستان بە تەواوەتی كەوتە دەستی كورد، چونكە حكومەتی بەغدا كە لەساڵی 1927ەوە نەوتی كەركووك دەردەهێنێ و دەیفرۆشێت، رازی بووە كورد ئەو نەوتە دەربهێنێت و لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی بكات، لە بەرامبەریشدا پشكی تەواوی خۆی لە بەغدا كە 17%ی بودجەی گشتی عێراقە وەربگرێت. بەڵام كورد هێشتا دڵنیا نییە لە نەرمی نواندنی بەغدا.

سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، كەمێك لە بەستەڵەكی پەیوەندییە ساردو سڕەكەی نێوان هەولێر و بەغدای تواندەوە، لەو سەردانەدا رێككەوتنێكی سەرەتایی كرا، كە هەرێمی كوردستان رۆژانە 150 هەزار بەرمیل لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات و بەغداش بڕی 500 ملیۆن دۆلار بۆ كوردستان بنێرێت، هەردوولا بەڵێنەكەیان بردەسەر، ئەمەش رێگەخۆشكەر بوو بۆ سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا.

رۆژی 30/11/2014 شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد، یەكەم دیداری نێچیرڤان بارزانی و شاندەكەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو. هەر دوای سەردانەكە نووسینگەی حەیدەر عەبادی رایگەیاند "حەیدەر عەبادی و نێچیرڤان بارزانی بەوردی باسی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان كردووە و هەردوولا پەیامی خۆیان گەیاندووەتە شاندی بەرامبەر".

لەو دیدارەدا حەیدەر عەبادی و نێچیرڤان بارزانی باسی مەترسییەكانی داعشیان لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان كردووەو عەبادی ئاماژەی بەوە داوە كە "هەڕەشەكانی داعش وامان لێدەكات رێكبكەوین".

هەر بەپێی ئەو راگەیێندراوە، سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی بە عەبادی گوتووە:" هەنگاوەكانتان هاندەرن بۆ هەموو عێراقییەكان". گوتووشیەتی "هەڕەشەی داعش لەسەر هەموومانە و تەنیا بیر لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان ناكەینەوە".

ئەوەی تاوەكو ئێستا لە راگەیاندنەكان لەبارەی كۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا بڵاوكراونەتەوە زۆرتر شتی گشتین، بەڵام (رووداو) بەشێك لە وردەكارییەكانی كۆبوونەوەی نێوان هەردوولای دەستكەوتووە.

دەبێت كوردستان 450 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا

بودجەی گشتیی عێراق كە زۆرتر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ ساڵی 2015 بە 160 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە. نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێنراوە.

حكومەتی عێراق لە مانگی 3ی ئەمساڵەوە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، تەنیا لە مانگی رابردوودا بڕی 500 ملیۆن دۆلاری بۆ كوردستان ناردووە. بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت بەغدا بڕی 16 تریلیۆن دیناری لەلایە. بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر ئەگەر سەربگرێت، دەبێ‌ بەغدا ئەو قەرزەی هەولێر بداتەوە.

ئەندامێكی شاندی دانوستاندنكاری كوردی لە بەغدا كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی راگەیاند "حەیدەر عەبادی بەوە رازی بووە كە ئەم مانگەش بڕی 500 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەگەر كوردستان بەردەوام بوو لەسەر هەناردەكردنی 150 هەزار بەرمیل نەوتەكە لەرێگەی سۆمۆ".

هەر ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنكاری كورد لە بەغدا گوتی "بەغدا داوای لە هەرێمی كوردستان كردووە لە ساڵی داهاتوودا رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت بخاتە نێو بۆرییەكانی هەناردەكردنی نەوت، 150 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی كوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتیش لە نەوتی كێڵگەكانی كەركووك، ئینجا حكومەتی عێراق بڕی 17%ی بودجەی گشتی دەداتە هەرێمی كوردستان". بەڵام دوای دەركردنی نەفەقاتی سیادی و حاكیمە.

بەپێی زانیاری (رووداو) ئەو خاڵە (هەناردەكردنی 450 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن كوردستانەوە) لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق جێگیركراوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە كورد دژی پرۆژەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2014 وەستایەوە، هەرچەندە پرۆژەكە پەسەند نەكرا، بەڵام بەپێی پڕۆژەكە دەبووایە كورد رۆژانە 400 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی كوردستان بداتە بەغدا.
ئەندامەكەی شاندی دانوستاندنكاری كورد لە بەغدا گوتی "كورد 3 پێشنیازی داوەتە بەغدا لەبارەی نەوتی كەركووك". بەڵام باسی سێ‌ پێشنیازەكەی نەكرد.

بەپێی پرۆژەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2015 نەفەقاتی سیادی 34 تریلیۆن دینارە و نەفەقاتی حاكیمەش 11.7 تریلیۆن دینارە، دوای لێدەركردنی نەفەقاتی سیادی و حاكیمە بودجەی عێراق 114.3 تریلیۆن دیناری لێ دەمێنێتەوە. بەمەش پشكی كورد لەو بودجەی عێراق زیاتر لە 15 تریلیۆن دینار دەبێت.

هەروەها حكومەتی عێراق رازی بووە بڕی 2 تریلیۆن دینار لە نەفەقاتی حاكیمە كە پشكی كوردە، بداتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی خۆی دەرمان و بەشە خۆراكی هاووڵاتیانی پێ بكڕێت.
هەر بەپێی زانیاری ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنكاری كورد، بەغدا رازی بووە بڕی 3 تریلیۆن دینار بداتە هەرێمی كوردستان وەكو مافی ئەو كۆمپانیایانەی لە كوردستان نەوت دەردەهێنن.
دەبێت لە ساڵی داهاتوودا بەغدا 20 تریلیۆن دینار بداتە كوردستان (15 تریلیۆن دینار لە بودجەی گشتی، 2 تریلیۆن دینار لە بودجەی حاكیمە و 3 تریلیۆن دیناریش مافی كۆمپانیاكانی نەوت).

چارەنووسی 170 هەزار بەرمیل نەوتەكەی كوردستان

ئێستا هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 320 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركی. بەڵام لەمەودوا دەبێت 150 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بنێرێت و بەمەش هێشتا 170 هەزار بەرمیلی نەوت دەمێنێتەوە كە دەتوانێت رۆژانە بینێرێتە دەرەوە.
ئەندامەكەی شاندی دانوستاندنكاری كورد گوتی "هەولێر و بەغدا گفتۆگۆ لەسەر ئەم بابەتەش دەكەن، كە ئایا هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەم 170 هەزار بەرمیل نەوتە بنێرێتە دەرەوە یان نا".

عەبادی لە رێگەی كوردەوە شەڕی مالیكی دەكات

ئێستا لە هەموو كات زیاتر بەغدا و هەولێر پێویستیان بە رێكەوتنە. چونكە دەركەوت بەهۆی بڕینی بەشە بودجەكەی لەلایەن بەغداوە، كوردستان تووشی چ گوشارێكی ئابووری بوو، هەروەها بەشێكی زۆری نەوتی عێراق كەوتووەتە دەست داعش.

ئەندامەكەی شاندی دانوستاندنكاری كورد گوتی "عەبادی دەیەوێت بە هەر شێوەیەك بێت لەگەڵ كورد رێكبكەوێت، چونكە لە لاوازترین مەوقیفدایە، تاوەكو ئێستا 50%ی دەسەڵاتەكانی حكومەتی عێراق بەدەست نووری مالیكییەوەیە. عەبادی دەیەوێت لە رێگەی كوردەوە خۆی بەهێز بكات و دەسەڵاتەكانی مالیكی لە نێو حكومەتەكەی كەم بكاتەوە". هەروەها گوتی "كورد پێویستی بە پارەیە بۆیە ناچارە لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت". گوتیشی "ئەمریكا گوشارێكی زۆری لەسەر هەردوولا هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێكەوتن".






رووداو
Top