پشتگیریكردنی پێشمەرگە هەنگاوێكی لۆژیكییە و دەبێت و پێویستە ئەو هەنگاوە هەڵبگرین
ئیللۆت ئەبراهام هەروەها دەڵێ: راشكاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ستراتیژەكەی ئۆباما سەركەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی ئەو ستراتیژە نە دەتوانێت داعش هیوابڕاو بكات، نە دەشتوانێت تێكی بشكێنێت، هەر بۆیە كە دێتە سەر باسی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراقدا، ئاماژەی بەوە كردووە كە كێن ئەوانەی شەڕی داعش دەكەن؟ لەوانە: سوپای عێراق، هۆزەكانی عەرەبی سوننە، لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەو شەهادەتەدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە پڕچەك كردنی سوپای عێراق و هۆزەكانی سوننە، ئیشكالیەتی خۆیان هەیە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو ئیشكالیەتەی نییە، هاوكات سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر داعشدا وەك سەركەوتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە قەڵەم دەدات و رەخنە لە ئیدارەی ئەمریكی و هاوپەیمانان دەگرێت، بەوەی چاویان ئەو راستییە نابینێت كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی داعش و تێكشكانی تیرۆریستانی داعشدا رووبەڕووی چ سەختییەك دەبنەوە، پیشاندانی ئەم سەختییەی شەڕەكانی پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارانی داعش، پیشاندانی ئیرادەی پێشمەرگەیە.
شایانی باسە ئەبراهام هەروەها دەڵێ: گرتنەوە و رزگاركردنی بەنداوی موسڵ لە ناوەڕاستی مانگی ئابی رابردوو لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بووە بنەما بۆ بیركردنەوەی هاوپەیمانان لە ستراتیژیەتی هیوابڕین و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش، رزگاركردنی بەنداوی موسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش بەغدای لە مەترسییەكی گەورە رزگار كرد، لەبەر ئەوەی ئەو سەدە گەر لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا بمابایە، ئەوا هەموو كات وەك كارتێكی گوشار بۆ تەقاندنەوە، یان بەردانەوەی ئاوەكە لەلایەن داعشەوە بەكار دەهێندرا، بەوەش نیوەی بەغدا ژێر ئاو دەكەوت، بەڵام لەمەش گرنگتر ئەوە بوو كە سەلماندی هێزێك لە سەر زەوی هەیە ناوی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە و دەتوانێت بە هاوكارییەكی كەمی ئاسمانی نەك هەر تیرۆریستانی داعش رابگرێت، بەڵكو ئاراستەی شەڕەكە بگۆڕێت لە بەرگرییەوە بۆ هێرشكردن و رزگاركردنی ئەو ناوچانەی كە لە ژێر دەستی داعشدا بوون، ئەم سەركەوتنە بووە بناخەی بیركردنەوە لە هیوابڕین و تێكشانی تیرۆریستانی داعش. دیارە بناخەی گۆڕینی ئاراستەی شەڕەكەش لەو پەیامەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرچاوە دەگرێت كە دوای داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە رایگەیاند دەبێت ئاڕاستەی شەڕەكە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشكردن بگۆڕێت. ئەم پەیامەی سەرۆك بارزانی و جێبەجێكردنی لەسەر ئەرزی واقیع.
لە كۆتاییدا شەهادەتی ئیللۆت گوتی: بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان خۆی بووە پێشمەرگەیەك لەبەر دەستی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان و بە كردەیی لەناو مەیدانی شەڕەكە تەفاعولێكی تازەی لە نێو ئەو تیمە دروستكرد كە دەبوو ئاراستەی شەڕەكە لە هەموو بەرەكاندا (لە كۆبانێ تا جەلەولا و سەعدیە) بگۆڕێت، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی شیعەكان كە هاوكارییەكی گەورەی هێزی سەربازیی كۆماری ئیسلامیشیان لە گەڵدایە، نەیانتوانیوە بەبێ هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەرووی بەغداوە یەك بست خاك لە تیرۆریستانی داعش وەربگرنەوە، لە ناوچەكانی رومادی و باشووری بەغداشەوە ئەگەر پێشڕەوییەك كرابێت، پێشڕەویی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی نییە بە تەنیا، بەڵكو هەندێك لە هۆزەكانی سوننە وەك هۆزی ئەبونەمر لە داعش هەڵگەڕاونەتەوە و بینیشمان داعش چۆن كاردانەوەی بەرامبەر هۆزی ئەبونەمر پیشاندا و بە سەدانی لێ قەتلوعام كردن، هەروەها لە سووریا بێجگە لە شەڕڤانانی كورد كە توانییان بەرگرییەكی جوامێرانە لە كۆبانێ بكەن، نە ئەوەی پێی دەگوترێت سوپای سووریای ئازاد و نە ئەوەی پێی دەگوترێت جەبهەتولنوسرە كە بەشێكە لە رێكخراوی ئەلقاعیدە، نە سوپای سووریا و نە میلیشیاكانی حزبوڵا نەیانتوانیوە پێشڕەویی داعش رابگرن، یان شوێنێكی گرنگیان لێ وەربگرنەوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1003)
