لە جەلەولا ژمارەیەك داعش ماون و تەقەش دەكەن

لە جەلەولا ژمارەیەك داعش ماون و تەقەش دەكەن
بە پێی نوێترین زانیاری كە دەست ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر كەوتووە، تاوەكو ئێستا لە سێ گەرەكی شارەدێی جەلەولا ژمارەیەكی چەكداری داعش ماونەتەوە و تاوەكو ئێستاش چەند جارێك تەقەیان كردووە و چەند كەسێكیشیان دەستگیركراون.


بەرپرسێكی حیزبی لە ناوچەكە هەواڵەكەی بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر پشت راستكردەوە و رایگەیاند؛ تاوەكو ئێستا ژمارەیەك چەكداری داعش لە ناو جەلەولا بە تایبەتی لە گەرەكەكانی تەجنید و مەهافیس و كۆتایی گەرەكی شەهیدان ماون و جموجۆڵ دەكەن و چەندجارێكیش تەقەیان كردووە.

ئەو بەرپرسە كەنەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتیشی، ئەو چەكدارانە بە پێی زانیارییەكان خۆكوژین و پێشتر یەكێكیان كە ئافرەت بوو خۆی تەقاندەوە هەروەها سێ كەسیان تاوەكو ئێستا دەستگیر كراون.

ئەوەشی خستەروو، بە پێی زانیارییەكان ژمارەی چەكدارەكانی داعش لە ناو جەلەولا نزیكەی 20 چەكدار دەبن و مەترسیان لە سەر ناوچەكە هەیە.

پاش ئەوەی چەكدارانی داعش بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ شارەدێی جەلەولایان بە دەستەوە بوو، 23/11/2014، هێزەكانی پێشمەرگە هێرشیان كردە سەر چەكدارەكان توانییان ژمارەیەكیان لێبكوژن و هەروەها شارەدێیەكەش كۆنترۆڵ بكەن بەڵام لەبەر ئەوەی چەكدارەكان ژمارەیەكی زۆر بۆمبیان داناوە تاوەكو ئێستا رێگە بە هاووڵاَتیان نەدراوە بگەرێنەوە ناوچەكە.
Top