میلیشیا شیعەكان گێچەڵ بە خەڵکی گەرمیان دەکەن
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونە پەیامنێر، دوێنێ هێزێكی سەر بە چەكدارە شیعەكان كە لە دەیان ئۆتۆمبیلی سەربازی پێكهاتبوون، لە کاتی تێپەڕینیان بە ناوەندی گەرمیان و شاری کەلار گێچەڵیان بەو قوتابیانە کردووە کە خەڵكی گەرمیانن و لە كۆلێژی ئادابی خانەقین دەوام دەكەن و قوتابییەکان ناچار بوون لەبەر چەکدارە شیعەکان سەیارەکانیان لاداوە و ڕاوەستاون.
بە پێی وتەی شایەتحالەكان هێزەكان بە وشەی نەشیاو سوكایەتی زیاتریان بە كچە قوتابییەكان كردووە.
هێزە ملیشیا شیعەکە لە شاری كەلاریش، لە بەردەم قوتابخانەی هەڵۆی بنەرەتی دەستیان بە هوتاف کێشان و گۆرانی گوتن کردووە و ژاوەژاوێکی زۆریان ناوەتەوە و بەڕێوەبەری قوتابخانەكە داوای لێكردوون لە قوتابخانەكە دووربكەونەوە، بەڵام چەکدارە شیعەکان سوكایەتییان بە بەرێوەبەری قوتابخانەکە کردووە و لێیانداوە.
سەبارەت بەوکارەی دوێنێی چەکدارە شیعەکان لە گەرمیان، موقەدەم حەسەن محەممەد بەرێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ دوای ئەوەی ئەو هێزە سووكایەتییان بە "مامۆستا فەرهاد یاوەر"، بەرێوەبەری قوتابخانەی هەڵۆی بنەرەتی كرد، ناوبراو لە دادگا سكاڵای تۆمار كرد، بەڵام دادوەر داوای ناوی سیانی ئەو كەسانەی كرد كە هێرشیان كردۆتەسەر و لەبەر ئەوەی مامۆستاكەش ئەو هێزە ناناسێتەوە، ناوی ئەو كەسانەی نەدەزانی، هەربۆیە كێشەكە وەكو خۆی ماوەتەوە.
بە وتەی موقەدەم حەسەن، لە كاتی رووداوەكە پۆلیسی گەرمیان گەیشتۆتە سەر هێزەكان و نەیانهێشتوو چیدیکە کێشە بۆ خەڵک دروستبکەن و لێكۆڵینەوەشیان لە گەڵدا كردوون.
بڕیارە ئەمرۆ لقی گەرمیانی یەكێتی مامۆستایان، سەبارەت بە سوکایەتییەکەی دوێنێی چەکدارە شیعەکان، كۆنگرەیەكی رۆژانە ساز بکات و مامۆستایانی ناوچەكەش ئەم ئێوارەیە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڵسووکەوتەی چەکدارە شیعەکان ڕێکدەخن.
لە گەڵ هەڵایسانی شەڕی داعش، لەبەر ئەوەی گەرمیان ناوچەیەكی ئارامە، چەندینجار هێزی عێراقی بۆ دووزخورماتوو و قەرەتەپەو ناوچەكانی دیكە بە گەرمیان دا رۆیشتوون.
