كەركووك ... سێزدە تیرۆریستی داعش دەستگیر کران

كەركووك ... سێزدە تیرۆریستی داعش دەستگیر کران
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركووك ڕایگەیاند؛ ١٣ تیرۆریست دەستگیر كراون كە دەستیان لە زیاتر لە یازدە كردەوەی تەقاندەوەی ئۆتۆمبێل هەبووە دەستگیر کراون.

لیوا جەمال تاهیر بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركووك لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ عەمید سەرحەد قادر ڕایگەیاند؛ هێزەكانی پۆلیسی كەركووك بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكانی دیكە، ١٣ تیرۆریستی سەر بە گروپی ئەنسار سوننەیان دەستگیر کردووە كە بەیعەتیان لە گەڵ گرووپی داعش كردووە دەستیان لە چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە نێو شاری كەركووك هەبووە و زیاتر لە یازدە ئۆتۆمبێلیان تەقاندۆتەوە کە دیارترینیان تەقینەوەكەی كۆمەڵگەی ئازادی و تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بووە و جگە لەوەش شەش بۆمبی چێنراویان تەقاندوەتەوە و سێ کەسیان ڕفاندووە و دووکەسیشیان کوشتووە.

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركووك ئاماژەی بەوەشكرد کە لەو سێزدە تیرۆریستەی دەستگیر کراون، بەشێكیان خەڵكی كەركووكن و بەشیكی دیكەیان لە دەرەوەی كەركووكەوە هاتوون و لە گیراوەکان یەکیان بەرپرسی دارایی گرووپەکەیە و یەکێکی تریشیان بەرپرسی تەقینەوەكانە و ١٩٠ ناسنامەی ساختەیان پێگیراوە كە بەكاریان هێناوە.

عەمید سەرحەد لە پرسیارێكی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر سەبارەت بە هاوكاری پۆلیس هەولێر لە گرتنی یەكێك لەو تیرۆریستانە ڕایگەیاند؛ دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر لە گرتنی یەكێك لەو تیرۆریستانە لە هەولێر هاوكاریان كردووین و ئێستا ئەو چەکدارە داعشە لە هەولێر لە دەستی هێزە ئەمنییەکانە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
Top