پێشمەرگە هێرشێكی داعشی لە نزیك شێخ شەرفەدین تێك شكاند

 پێشمەرگە هێرشێكی داعشی لە نزیك شێخ شەرفەدین تێك شكاند
كەمێك پێش ئێستا لە نزیك مەزاری شێخ شەرفەدین لە چیای شنگال، تیرۆریستانی داعش هێرشێكیان بەرپا كرد، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە توانییان شكست بەو هێرشەیان بهێنن و داعش چەندین كوژراو و برینداریشیان هەیە لەگەڵ تێكشكاندنی چەند هەمەرێكی تیرۆرستان.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، سەعات 9 نیوی بەیانیی ئەمڕۆ، پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە نزیك مەزاری شێخ شەرفەدین بە پێنج هەمەر و چەند ئۆتۆمبێلێك و دۆشكە هێرشیان كرد، هێزەكانی پێشمەرگە وەڵامێكی توندیان دانەوە و لە ئەنجامدا توانییان هێرشەكەیان تێك بشكێنن و بە مووشەك و چەكی قورس رووبەڕوویان بوونەوە كە زەرەر و زیانێكی زۆریان پێ كەوت و هەڵاتن.

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال گوتیشی، "لەبەر ئەوەی كەشوهەوا لەبار نییە و ئەو ناوچەیە تەمومژ دایگرتبوو، بۆیە تیرۆریستانی داعش خۆیان لە ئێمە زۆر نزیك كردبووەوە كە نزیكەی 20 مەتر دەبوو، بۆیە چەندان مووشەكمان لێیان دا كە 3 تیرۆریستی داعشیش بە چاوی خۆمان بینیمان لەسەر دۆشكە كوژران و 3 هەمەریش هاتنە تێكشكاندن و ئاگریان گرت".
(شەشۆ) زیاتر گوتی، "خۆشبەختانە هەموو پێشمەرگەكانمان سەلامەتن و بە ورەیەكی بەرزەوە لە ئامادەباشیداین".

ئەو هەروەها ئاماژەی دا كە، "تیرۆریستانی داعش هەموو كاتێك دەیانەوێت هەل بدۆزنەوە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هەمیشە چاوكراوەن و چاودێریی جموجۆڵەكانیان دەكەن، هەر كاتێكیش لە ئێمە نزیك ببنەوە، تێكیان دەشكێنین".
Top