نێچیرڤان بارزانی: لە هەرێمی کوردستان تووندوتیژی دژی ژنان کەمیکردووە
لەو مەراسیمەدا كە بەرپرسانی باڵای حكومی و پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی ژنان و چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد.
لە دەستپێكی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی سەرەتا سڵاوی نارد بۆ ئەو پێشمەرگانەی ئێستا لە بەرەكانی بەرگرین لە خاكی كوردستان و باسێكی كورتی بارودۆحی ئەمڕۆی كوردستانی كرد لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش و باسی لە هاتنی ئەو رێژە زۆرەی ئاوارە كرد كە روویان لە باشووری كوردستان كردووە. پەیوەست بەو باسە رایگەیاند، كە داعش گەورەترین تاوانی دژ بە ژنانی كورد كردووەو نموونەی رفاندنی كچان و ژنانی كوردی ئێزدی هێنایەوە، كە ئێستاش ژمارەیەكی زۆریان لەژێر دەستی داعشن.
لەماوەی رابردوودا هەندێك لە كچان و ژنانی ئێزدی بە هەوڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان رزگاركران، لە وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی جەختیكردەوە، كە بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنی ئافرەتانی كوردی ئێزدی لەدەست داعش و گوتی: "ئافرەتانی كورد دڵنیا دەكەینەوە كۆڵنادەین بۆ بنبڕكردنی تووندوتیژی دژی ژنان جا لە ماڵ بێت یان لە بەرەكانی جەنگ".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتیشی :"بەدرێژایی مێژوو ئافرەتی كورد تووشی زوڵم و ستەملێكردن بووەتەوە، بەڵام نەكەوتووەو لەسەر پێی خۆی وەستاوە"، بۆ ئەوەش ژنە شەڕڤانەكانی كۆبانێی بە نممونە هێنایەوە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە هەوڵی ژنانی باشووری كوردستان كرد، كە جیاواز لە بەشەكانی دیكەی كوردستان خەباتی مەدەنی و سیاسی خۆیان دەكەن و یەكێك لە دەستكەوتەكانی ژنانی باشووری كوردستانیشی بە چەسپاندنی سیستمی كۆتا لە پەرلەمان و ئیدارە خۆجێییەكاندا باسكرد و گوتی "هیوادارم و هەوڵدەدەم ئەو سیستمە لە داهاتوودا لە كابینەی حكومەتیشدا رەنگبداتەوە".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، كە ئەو وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە بۆ پرسەكانی تایبەت بە ژنان و باسی لە دوایین ئامارەكانی تووندوتیژی كرد و گوتی: "خۆشحاڵم كە بەپێی بەدواداچوونمان دەركەوتووە ئامارەكانی تووندوتیژی رووی لە كەمی كردووە لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان".
رووداو
