زیندانیانی سیاسی موچەیان دەبێتە ملیؤنێك و 200 هەزار دینار
دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠١٣، پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (١١) ی ساڵی ٢٠١١ی تایبەت بە ئیمتیازاتی زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی كوردستانی ھەمواركردەوە، بڕیاروایە جارێكی تر هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی لە رووی ئیمتیاز و مووچەوە ھاوتا بكرێت لەگەڵ یاسای زیندانیانی عێراق .
ئەحمەد مام رەسول، بەڕێوبەری كاروباری زیندانە سیاسییەكانی سەر بە وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوەكان رایگەیاند: پڕۆژە یاسامان ئامادەكردوە بۆ هاوتاكردنی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیانی كوردستان بە یاسای ئیمتیازاتی زیندانیانی عێراق، بەڵام لە بەر بارودۆخی ئابوریی و سیاسی كوردستان رامانگرت، بەڵام بە دڵنیایی هەمواری یاساكە و هاوتاكردنی بە بەغدا بۆ پەرلەمان ئامادەیە.
ئەحمەد مام رەسول جەختی كردەوە كاری تەواویان كردووە بۆ ھەمواركردنەوەی دووەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان و بەوپێیەی پێشنیازەكانی ئێمە پەیوەندیدارە بە بودجەوە، بۆیە رەچاوی ئەوەمان كردووە لە ئێستادا حكومەتی ھەرێم ناتوانێت ھیچ خەرجییەكی زیادە بخاتە سەر خەرجییەكانی خۆی.
بەڕێوبەری كاروباری زیندانە سیاسییەكان سەبارەت بە ماف و ئیمتیازاتی زینانیانی عێراق، دەڵێت: یاساكەی ئەوان ماف و ئیمتیازاتی زۆری هەیە و دوو بەقەد ئەوەی كوردسستانە، ئەگەر زیندانیەكی عێراقی 500 هەزاری هەبوبێت ئێستا ملیۆنێك و 200 هەزاری هەیە، هەروەها ئەژماری روەكانی زیندانیان كردوە و جۆری زیندانیەكانیان فراوانكردوە و لە كوردستان جیاوازترە.
ئەحمەد مام رەسول، ئاشكرایكرد: لە كاتی هاوتاكردنی مووچەكە بە بەغدا، ئەوانەی 500 هەزاردیناریان مووچەیە ئەوە دەبێتە ملیۆنێك و 200 هەزار دینار، وئەوانی تریش بەهەمان شێوە موچەكانیان زیاد دەبێت، گوتیشی: جگە لە مووچە، 5 ملیۆن دینار لە عێراق بۆ گەشتی زیندانیان و 5 ملیۆن دیناریش بۆ حەجكردنە و پارەكە هاوكاریە و قەرز نیە، بۆ دروستكردنی خانووش 100 ملیۆن دینار دەدرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان، هێمای بۆ ئەوەكرد هەموو ئەو ئیمتیازانە لە هەمواركردنەوەی یاسای زیندانیانی كوردستان هاوتای بەغدا دەكرێن.
بەپێی دوائامار، 5 هەزارو 251 زیندانی سیاسی لە كوردستان مووچە وەردەگرن و تۆماركراون و 7 هەزار زیندانی تریش پشتكراستكراونەتەوە، بەڵام مووچەیان بۆ نەبڕدراوەتەوە.
مام رەسوڵ، گوتیشی: لە ماوەی ئەمساڵدا 7 هەزار زیندانی سیاسی دۆسیەكانیان پشتراستكراوەتەوە و ئامادەكراون بۆ پێدانی مووچە، بەڵام بەهۆی كێشەی بودجە مووچە بۆ ئەو 7 هەزار زیندانیە تازە نەبڕدراوەتەوە، كارە ئیداریی یاساییەكانیان تەواوبوووە، ئەو كێشە داراییەی هەرێم چارەسەر بێت مینحە و مووچە بەوانیش دەدرێت.
بەڕێوبەری كاروباری زیندانە سیاسییەكانی سەر بە وەزارەتی كاروباری شەھیدان، راشی گەیاند: ئێستا لە كۆبونەوەداین لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی زیندانی و یەكێك لە منداڵەكانی زیندانی كە لە كۆلیژ و قوتابخانە ئەهلیەكان دەخوێنن پارەكانیان لە لایەن حكوومەت بۆ دابین بكرێت، وەكو كەسوكاری شەهیدان.
سەبارەت بە زەوی دابەشكردن بەسەر زیندانیان، ئەحمەد مام رەسوڵ رونیكردەوە بە 5 وەجبە زەوی بەسەر زیندانیان دابەشكراوە و 3 وەجبەی تریش ئامادەیە كە 2 هەزار و 600 كەسە و رەزامەندی یەكەمیشیان بۆ وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی دەركردنی گشتاندنێك لە ئەنجومەنی وەزیران كێشەمان بۆ دروست بووە لە هەوڵداین چارەسەری بكەین.
(باس)
