كەمترین خانەنشین 200 هەزار دیناری بۆ زیاد دەبێـت و چیتر پەرلەمانتار بە 6 ملیۆن دینار خانەنشین ناكرێـت

كەمترین خانەنشین 200 هەزار دیناری بۆ زیاد دەبێـت و چیتر پەرلەمانتار بە 6 ملیۆن دینار خانەنشین ناكرێـت
موچەی خانەنشینی گۆرانكاریی تێدا دەكرێت، وەزیرو پەرلەمانتارو پلە تایبەتەكانیش خانەنشینیان نامێنێت. سەرۆكی لێژنەی دارایی رایدەگەیەنێت كەمترین مووچەی خانەشینی 400 هەزار دینار دەبێت.

د.عیزەت سابیر سەرۆكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: لەسەر یاسای خانەنشینی عێراق پرۆژە یاسایەكمان ئامادەكردوە ئەو پرۆژەیە لەگەڵ هەرێم دەگونجێت، لەگەڵ شارەزایانی بواری خانەنشینی گفتوگۆمان كردوە و وەزارەتی داراییش راپۆرتی خۆیان كۆتایی پێهێناوە، ئەوەی لەسودی خانەنشیان بێت وەك خۆی لەیاساكەی بەغدا وەرمانگرتووە.

لەسەر ئەو یاسایەی كە لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە بۆ زیادكردنی موچەی خانەنشیان پەسەندكراوە، لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان پێنج كۆبوونەوەیان ئەنجامدا ، دواجار پرۆژە یاسای خانەنشینی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە.

ئیستا كەمترین مووچەی خانەشینی لە كوردستان200 هەزارە، بەڵام بەپێی پرۆژەكە كەمترین موچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار دەبێت.

د.عیزەت سابیر گوتیشی: ماددەی 37و 38ی یاسای خانەنشینی كە لەلایەن پەرلەمانی عێراق پەسەندكراوە و پەیوەندی بەموچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە باڵاو تایبەتەكانەوە هەیە و دادگای فیدراڵی پەسەندی نەكردوە، گۆڕانكاریمان تێدا كردوە و گونجاندومانە تا موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارو وەزیرو پلە باڵاكان لەهەرێم زۆر جیاواز نەبێت لەموچەی خانەنشینانی تر.

سەرۆكی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات دوای پەسەندكردنی ئەو پرۆژە یاسایە پەرلەمانتار بەزیاتر لە شەش ملیۆن دینار خانەنشین ناكرێـت، ئەگەر تەمەنی 63 ساڵی تەوا نەكردبێت ئەوا خانەنشین نابێت و مافی هەیە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی خۆی لەگەڵ چەند خاڵێكی تر كە دادپەروەری بۆ كۆمەڵگا دەگەڕێنێتەوە.

د.عیزەت سابیر ئەوەشی خستەڕوو پرۆژەكە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو دواتریش راپۆرتیان لەسەر پرۆژەكە داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەبێت بۆچونی حكومەتیشی لەسەر وەربگیرێت، چونكە دوای پەسەندكردنی ئەوكاتە حكومەت ئەركی دارایی دەكەوێتە سەرشان و دەبێت پارەی بۆ تەرخان بكات و ئەگەر حكومەت رەزامەندی لەسەر دەربڕێت ئەوا سندوقێكی خانەنشینی دادەمەزرێنرێت و پێدانی موچەی خانەنشیان لەكۆڵ حكومەت و وەزارەتی دارایی دەبێتەوە و موچەی خانەنشیان لەو سندوقە دەدرێت.

لە لایەكی تر نازم هەركی جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بە هەوڵی هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆدا و گوتی" پێشنیازمانكردوە مووچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ بەپێی خزمەت بێت، ئەوانەی 15ساڵ خزمەت بە مووچەی 50%-ی مووچەی گشتی خانەنشین بكرێن و، ئەوانەی 20ساڵ خزمەتیان هەیە بە 65% مووچەی گشتی خانەنشین بكرێن،هەروەها ئەوانەی 25ساڵ خزمەتیان هەیە 75% مووچەی گشتی خانەنشین بكرێن و ئەوانەیش كە زیاتر لە 25ساڵ خزمەتیان هەیە، بە80% مووچەی گشتی خانەنشین بكرێن.نازم هەركی هێمای بۆ ئەوەكرد بڕیارە هەموارەكە ئامادە بكەن و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن.







باسنیوز
Top