چیتر ناتواندرێت لە بەغداوە حوكمڕانی عێراق بكرێت و ئەو وڵاتە بە یەكپارچەیی نامێنێتەوە
هەروەها ماكس گوتی: كوردەكان زۆر میانڕەوترن لەو كەسانەی لە دەوروبەریاندان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش خاڵێكی زۆر گرنگە بۆ سەربەخۆ بوونی كورد كە نەك تەنها لە رووی دەرەوە توندوتیژ نابن، بەڵكو لە ناوخۆشدا وڵاتەكەیان بە شێوەیەكی پێشكەوتوو بەڕێوەدەبەن.
لە درێژەی دیدارەكەیدا ئەبراهامس گوتی: حاڵی حازر ئەمریكا وا پیشانی دەدات كە واشنتۆن كار لەگەڵ تاراندا ناكات، بەڵام ئەوە راست نییە، هەروەك دەزانن لە عێراقدا میلیشیا شیعەكان كە لە بنەڕەتدا لەلایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێن، هەندێ كاری گرنگ دەكەن لە راگرتنی پێشڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی لەوەی بەرەو بەغدا بڕۆن. هەروەها ئەمریكا هەست دەكات كە مەیلی بۆ ئەسەد نییە، بەڵام واشنتۆن و دیمەشقیش لە شەڕدا نین. لێبوردە بوونی واشنتۆن لە ئاست ئەسەد لە هەندێ رووەوە سازشە بۆ تاران. لەبەر ئەوە پێدەچێت جۆرێك لە هاوكاری هەبێت لە نێوان واشنتۆن و سەركردەی شیعە و عەلەوییەكاندا. هەرچۆنێك بێت ئەو تێڕوانینە لە ئەمریكا بەرەو گۆڕانكاری دەچێت. پێموایە ستراتیژیەتی ئەمریكا لە سووریا دەگۆڕێت، كە لە سەرەتادا بریتی بوو لە تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامی و هێشتنەوەی ئەسەد.
لە كۆتاییدا ماكس هەروەها گوتی: پێموایە هەمیشە پێشبینیەكی زۆر هەیە لەبارەی ئەو حكومەتە نوێیەی عێراقەوە، هەروەك دەزانن عێراق حكومەتێكی باشی نەبووە. ئێمە دەزانین ئەم سیاسییانەی عێراق هەموویان گەندەڵن و بنكەی پشتیوانییان نییە لە تەواوی عێراقدا، بەڵكو لەسەر بنەمای دابەشبوونی تایەفەگەری پشتیوانی بەدەست دەهێنن. لەبەر ئەوە جێی سەرسوڕمان نییە بۆ من كە ئەم كەسە نوێیەش ئەو چاكسازییە فرەییە جێبەجێ نەكات كە واشنتۆن ویستی، من دڵنیا نیم كە ئەو سیاسەتە لە عێراقدا لە ئارادا بێت كە پشتیوانی تەواوی وڵاتەكە بەدەست بهێنێت، پێموایە ئەو وڵاتە ئەوەندە لە رووی ناوخۆییەوە دابەش بووە كە سەركردەیەكی بەغدا ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەردا بشكێت، لەبەر ئەوە من دەقاودەق لەگەڵ دابەشكردنی عێراقدام، پێموا نییە حوكمڕانی ئەو وڵاتە لە بەغداوە سەركەوتوو بێت، لەبەر ئەوەی وڵاتەكە لە رووی ناوخۆییەوە زۆر دابەش بووە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1002)
