ئەوەی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر كوردانی ئێزیدی و بە كۆیلەكردنی ئافرەتانیان كردوویانە بناخەی جینۆسایدە
ئان دۆگلاس هەروەها گوتی: پێموایە داعش بەرهەم و بەرئەنجامی ئەجێندای تایەفەگەری سەپێندراوی بیست ساڵی رابردووە بەسەر عێراقدا، بەلای منەوە لە ئێستادا داعش تەركیز لەسەر سووریا دەكات، وەك بەشێك لە هەوڵەكانی بۆ تێكدان و شپرزەكردنی جووڵە و بزاوتی خەڵك لەوێدا، ئەوەش كاریگەری هەبوو لەسەر عێراق. من هیچ زانیارییەكم نییە لەبارەی رژێمی پێشووەوە، ئەگەرچی پێكهاتەیەكی دیاریكراو بەرهەڵستی داعشیان نەكرد لە كاتی پێشڕەوییەكەیدا، لەبەر هەندێ هۆكار، هەروەك ئەوەی لەم هاوینەدا بینیمان كە هەندێ هەوڵدرا بۆ دووبارە دروستكردنەوەی هاوسەنگیی سیاسی پێش ئەوەی مالیكی دەستبەرداری دەسەڵات بێت. بەڵام لەو كاتە بەدواوە دەقاودەق روون بۆوە كە داعش چییە و باوەڕم بەوە نییە هیچ پێوەندییەكی بە سوپای پێشووی عێراقەوە هەبێت.
شایانی باسە پڕۆفیسۆر ئان لە درێژەی دیدارەكەیدا گوتی: ـ ئێمە ئەم دۆخەمان لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا لە عێراق بینیوە، كە تێكشكاندنی پرۆسەی خوێندن بەشێك بووە لە تێكشكاندنی نەتەوەكە، لێرەدا من هەوڵ دەدەم بگەڕێمەوە بۆ وێنە گەورەكە، ئەگەرچی ئێستا ئێمە لە نێو قەیرانێكی بەپەلەداین. وەك ئەوەی من دەیبینم، ئەویش ئەوەیە داعش بەرهەمی ئەجێندایەكی تایەفەگەرییە لە جیهانی عەرەبی و لە عێراقیشدا، بەهۆی هۆكارە جیوپۆلەتیكی و جیۆئابوورییەكانەوە بەرپاكراو پێدەچێت ئەو ئەجێندایەش لە پەرەسەندندا بێت، لە نێو هەموو ئەوانەش بەهاری عەرەبی روویدا، كە لە بەشێكیدا دەكرێت وەك هەوڵێك لەلایەن خەڵكانی عەرەب و لە بەشە جیاوازەكانی جیهانی عەرەبدا بۆ ئەوەی ببنە خاوەن سەروەری.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1002)
