سەرۆك بارزانی پێوەندی بەردەوامی لەگەڵ هێزەكانی ناو كۆبانێ هەیە
ئەحمەد گەردى هەروەها گوتی: ئاڕاستەگۆڕینەكەی شەڕ، لە بەرژەوەندی كورددا بووە، داعش لە پاشەكشێدایە، بەڵام وەك هەمووتان دەزانن بەرەی شەڕ لێرە لە ناو شارەكەیە، شاریش وەك چیاو دۆڵ و دەشتایی نییە، كە شەڕیش كەوتۆتە ناو شارەوە، ئیتر شەڕەكە كۆڵان بە كۆڵانە و ماڵ بە ماڵە، هەر كۆڵانێك كە لە داعش خاوێن دەكرێتەوە، كاتی دەوێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی تا ئێستا هێزەكانی كوردی لە بارێكی باشتردان و باشتریش دەبن.
شایانی باسە گەردى هەروەها گوتی: هاتنی پێشمەرگە بۆ ناو كۆبانێ لە بەرژەوەندی گشتی كورددا بووەو لە هەموو روویەكەوە شانسی سەركەوتنی زیاتر بووە، چونكە وەك دیارە بە هاتنی پێشمەرگە بیروباوەڕی هێزەكان و خەڵكی ئێرە بەهێزتر بووە، لە ماوەی داهاتووشدا بۆ هەمووان روون دەبێتەوە تا چ ئاستێك سەركەوتن بەدەست هێنراوەو تا چ ئاستێكیش پێشڤەچوونەكە ئاڕاستەی مەیدانیی شەڕەكەی گۆڕیوەو لە بەرژەوەندی كورددا دەكەوێتەوە، بیروباوەڕێكی تەواو یەكگرتووانە دروست بووە.
لە درێژەی دیدارەكەیدا ئەحمەد هەروەها گوتی: هاتنی ئێمە بۆ كۆبانی لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی و بە رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان و لە ژێر چاودێری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە، كورد لە هەموو شوێنێكی دنیا و بەتایبەتیش لەم بەشەدا بە گەیشتنی پێشمەرگە بە كۆبانێ بیروباوەڕێكی بەهێزی لادروست بوو، بە گەیشتنی ئێمە ورە و مەعنەویاتی كوردان زۆر بەهێز بووە، بەڵێنیش بە گەلی كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدەین كە لە ماوەیەكی نزیكدا موژدەی یەكجاری دەدەینە هەموویان، كۆبانێ لە دەستی چەتەكانی داعش دەردەهێنین.
لە كۆتاییدا گەردی گوتی: پێش ئەوەی ئێمە بگەینە كۆبانێ، ئەم شارە گوشارێكی گەورەی پەلاماری چەتەكانی داعشی لەسەر بوو، بەرەو ئەوە دەچوو شارەكە بكەوێت، بەڵام بە گەیشتنی پێشمەرگە، هەم مەعنەویاتی دوژمن رووخا، هەم ئومێدی شەڕڤانان لەو شارەدا بەسەركەوتن زیاتر بوو، باشترین گەواهیدان بۆ گەڕانەوەی ئومێد، پێشوازی گەرمی ئەو جەماوەرە خوێنگەرمەی كورد بوو لە هێزی پێشمەرگە، كە بیروباوەڕی كوردی بەهێزتر كرد، لەو قەناعەتەدام كە هێزی پێشمەرگەشی بە حەماستر كردووە، من وەك سەركردەیەكی مەیدانی كە ئێستا لە كۆبانێدام شایەتحاڵی ئەوەم كە ئێمە هاتینە ناوشارەكە تەنیا 30%ی بە دەست هەڤاڵانی یەپەگەوە مابوو، بەڵام ئێستا لە 45%ی زیاتریش هاتۆتەوە دەست هێزەكانی كوردی، چاوەڕوانین شوێنی زیاتر بخەینەوە ژێر كۆنترۆڵی هێزی كوردی، بەو ئومێدەی چەتەكانی داعش لە ناو كۆبانێ بە تەواوی نەهێڵین.
بۆ خوێندنەەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1002)
