داعشەکانی شنگال عەرەبی ناوچەكەن.. ئەو خێزانانەی لە چیا ماون رەوانەی هەرێم دەكرێن

 داعشەکانی شنگال عەرەبی ناوچەكەن.. ئەو خێزانانەی لە چیا ماون رەوانەی هەرێم دەكرێن
فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم سمێڵ) دەڵێت، ژمارەیەكی كەم لە تیرۆریستانی داعش لە شنگال ماون، بەڵام 90%ـی تیرۆریستان عەرەبی ناوچەكەن و، بەو نزكیانەیش بەرنامە هەیە گشت ئاوارەكانی سەر چیای شنگال، رەوانەی هەرێم بكرێن.

فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم سمێڵ) بە kdp.infoـی راگەیاند، لەشنگال شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، بەڵام زیاتر شەڕی چەكی جۆری دۆشكە و هاوەنە، ئەمەیش بە بەردەوامی نییە و ناوە بە ناوە شەڕ دەست پێ دەكات.
(قاسم سمێڵ) جەختیشی كردەوە، داعش لە شنگال ژمارەیان زۆر كەمە و ورەیان رووخاوە، ئەگەر عەرەبەكانی ناوچەكە نەبن دەمێكە داعش شنگالی جێ دەهێشت، هەڵبەت لە ئێستادا 90%ـی تیرۆریستانی نێو شنگال عەرەبی ناوچەكەن.
(قاسم سمێڵ) گوتیشی، بە بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار فڕۆكە بۆ گەیاندنی هاوكاری بە ئاوارەكانی چیای شنگال دابین كراون، بەڵام بەهۆی تێكچوونی كەش و هەواوە، فڕۆكەكان ناتوانن هاوكارییان پێ بگەیەنن، ئەگەر نا لە ئێستادا پێداویستییەكی زۆر لە زاخۆ ئامادە كراوە بۆ ئەوەی بۆیان رەوانە بكرێت و لە چاوەڕوانیدان.
زیاتر گوتی، نزیكەی هەزار و چوراسەدوپەنجا خێزان، لە چیای شنگال هەن و، بڕیارە دوای ئاساییبوونەوەی كەش و هەوا، هەموویان رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێن.
Top