هەفتەی داهاتوو پەرلەمان 9 كاندیدەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەند دەكات

 هەفتەی داهاتوو پەرلەمان 9 كاندیدەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەسەند دەكات
سەرۆكی لیژنەی دیاریكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە كاندیدانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران یەكلا دەكەنەوە و هەفتەی داهاتوویش لە پەرلەمان دەنگی بۆ دەدرێت.

سەرۆكی لیژنەی دیاریكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان (مەروان گەڵاڵی)، بە Kdp.infoـی راگەیاند، زیاتر لە 250 كەس سی ڤیی خۆیان بۆ ئەندامبوون لە ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە، لیژنەكەی ئەوانیش نۆ كەس لەو ژمارەیە هەڵدەبژێرن كە، وادەكە بۆ هەڵبژاردنیان نزیك بووەتەوە، ئەم هەفتەیەیش پرسەكە یەكلا دەكەنەوە و پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانی دەكەن.

(مەروان گەڵاڵی) گوتیشی، هەفتەی داهاتوو پەرلەمان ئەو نۆ كەسە دەخاتە بەرنامەی كارییەوە و دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەكرێت.
(گەڵاڵی) دەشڵێت، ئەو كەسانەی هەڵدەبژێردرێن بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بووە، بە جۆرێك بۆ پارتیی دیموكراتی كوردستان، سێ كەس، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوو كەس، گۆڕان دوو كەس و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامییش، هەر یەكەیان كاندیدێكیان دەبێت.
Top