سەرۆکی ھەرێم واژۆ لەسەر بریارێک دەکات
بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست باسنیوز کەوتوون، "مەسعود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا واژۆی لەسەر بڕیاری ژمارە ١٥ی کردووە کە تایبەت بە بڕیاری "ناونانی پارێزگای ھەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی ھەرێمی کوردستان".
پەرلەمانی کوردستان بڕیاری "ناونانی پارێزگای ھەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی ھەرێمی کوردستان"ی دەرکردووە و لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش واژۆی لەسەرکراوە.
بە نووسراوی فەرمی حکوومەت کە لە ١٦ی ١١ی ٢٠١٤ دەرچووە و کۆپیەکی نووسراوەکەش دەست باسنیوز کەوتووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە فەرمانگە حکوومیەکان و پارێزگاکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بڕیارەکە جێبەجێ بکەن.
بەپێی خاڵەکانی بڕیارەکە پارێزگای ھەڵەبجە پایتەختی ئاشتی ھەرێمی کوردستانە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت کۆنفرانس و کۆڕ و کۆبوونەوە و مەراسیمی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و پەیامی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەو پارێزگایە ساز بکەن.
ھەروەھا ئاماژەش بەوەدراوە کە حکوومەت ساڵانە بودجە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات بۆ پارێزگاکە و ھەموو پێداویستیەکانی پارێزگاکەش بۆ پرسی ئاشتی دەستەبەر دەکات.
