نێچیرڤان بارزانی دەچێتە تورکیا و ئەردۆغانیش سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات
"ئایدن مەعروف" پەرلەمانتار و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی کە لەگەڵ وەفدی یاوەری "داود ئۆغڵۆ" بوو بۆ کوردستان تایبەت بە باسنوزی راگەیاند: لە میانەی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان بڕیاردرا نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیا بکات، گوتی: لە سەردانەکەی داود ئۆگلۆ ھیچ رێکەوتنێک واژۆ نەکراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە لەو سەردانەکەدا باسی سەردانی نێچیرڤان بارزانی کراوە بۆ تورکیا و بڕیارە بەم نزیکانە سەردانەکەی ئەنجام بدات.
سەبارەت بە وردەکاری سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، ئایدن مەعروف گوتی: لە میانەی سەردانەکە چاوەڕوان دەکرێت چەندین رێکەوتنی بازرگانی و ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسی لە نێوان ئەنکەرە و ھەولێر ئەنجام بدرێن.
شەوی ھەینی ٢١ی ١١ی ٢٠١٤ بۆ یەکەمینجار وەکو سەرۆکی حکوومەت داود ئۆغلۆ لە رێگەی فرۆکەخانەی ھەولێر سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد.
ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی ئاشکراشی کرد: ئەگەری سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا ھەیە، بۆ ھەولێر، گوتی: رەنگە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، بەڵام کاتی سەردانەکە دیاری نەکراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەو کاتەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو، سەردانی ھەولێری کردووە، بەڵام لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری سەردانی کوردستانی نەکردووە.
