داعش زیندانیان دەفرۆشێتەوە.. زیاتر لە 50 بریندارى سەعدییە و جەلەولاى گەیاندە نەخۆشخانەکانى مووسڵ
بەرپرسى ڕاگەیاندنى لقى 14ـى پارتیى دیموکراتى کوردستان لە مووسڵ(سەعید مەموزینى) بەKDP.info ـى ڕاگەیاند کە، تیرۆریستانى داعش، ئەمرۆ دووشەممە زیاتر لە 50 برینداریان بۆ چارەسەرکردن گەیاندووەتە نەخۆشخانەکانى شارى مووسڵ کە لە شکستەکەى دوێنێیان لە سەعدییە و جەلەولا دووچاری بوونەتەوە.
(مەموزینى) گوتیشى، لە دوێنێوە، تیرۆریستانى داعش دەستیان کردووە بە گوازتنەوەى تەواوى زیندانیانیان بۆ ناو شارى مووسڵ، چونکە ترسیان لە شکستى زیاتر هەیە لە ناوچەکانى تر، هەروەها لە بەرامبەر ئەو قەیرانە داراییەى کە تووشى هاتوون، دەستیان کردووە بە فرۆشتنەوەى زیندانیان بە کەس و کاریان.
(سەعید مەموزینى) زیاتر گوتی، لە گوندى کۆلاتى سەر بە قەزاى شنگال تیرۆریستانى داعش 60 هاووڵاتى بە رەگەز عەرەب لە عەشیرەتى جحێشى ڕفاندوون و بەرەو شوێنێکى نادیاری بردوون.
ئەو بەرپرسەى پارتى لە مووسڵ زانیارییشی دا کە، لە ناوچەى شۆرای35کم باشووری شاری مووسڵ فرۆکە جەنگییەکان بۆردوومانى مۆڵگەکانى تیرۆریستانى داعشیان کرد، لە ئاکامدا 45 داعش کوژران، هەروەها لە گوندى تل سۆمەریش لە ناوچەى رەبیعە، لە ئەنجامى بۆردوومانکرنیان لە لایەن فرۆکە جەنگییەکانەوە 10 تیرۆریستى دیکە کوژران.
