جەبار یاوەر بۆ هادی عامری: جەلەولا پێشمەرگە ئازادی كردووە

جەبار یاوەر بۆ هادی عامری: جەلەولا پێشمەرگە ئازادی كردووە
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی قسەكانی هادی عامری فەرماندەی میلیشیای شیعە بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: جەلەولا تەنیا لەلایەن پێشمەرگەوە ئازادكراوە و سەعدیەش بەهاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئازاد کراوەتەوە.



دوێنێ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هێرشیانكردە سەر هەردوو شارۆچکەی جەلەولا و سەعدیە و هەردوو شارۆچکەکە لە تیرۆرستانی داعش پاك کرانەوە ، بەڵام هادی عامری گوتبووی تەنیا سوپای عێراق و میلشیای شیعە لەم هێرشاندا بەشدارییان کردووە.



لە وەڵمی ئەم لێدوانەی عامریدا، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: لەبەرە بەیانی ڕۆژی 23 / 11 / 2014 بەپێ‌ پلانێكی تۆكمە ودارێژراو بە شێوەیێكی زۆر گونجاو هێرش كرایە سەر مۆڵگەكانی چەكدارانی تیرۆرستی داعش لەهەردوو شارۆچکەی جەلەولا وسەعدییە و لەپاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ هەردوو شارۆچکەکە ڕزگار کران. دیارە لەم پرۆسە زۆر گرنگەدا پۆلێك پێشمەرگەی قارەمان گیانی پیرۆزی خۆیان بەخشی یە ئەم سەركەوتنە مەزنە و پۆلێكی تر بریندارن كە هەزار سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدە نەمرەكان وداواكارین لە خوای گەورە بەهشتی بەرین بكاتە دوا مەنزڵگەیان ودوعاخوازین برینی بریندارە قارمانەكان بەزووترین كات ساڕێژ بێتەوە.



یاوەر، وەك وەڵامێك بۆ لێدوانەكانی هادی عامری گۆتی: بۆ ئاگاداریی هەموو لایەك شارۆچکەی جەلەولا بەتەنها لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان وهێزەكانی تری پاراستنی هەرێمی كوردستان ڕزگار كرا وناحییەی سەعدییەش بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای حكومەتی فیدرالی عێراقە ڕزگار كراوە.
Top