حکوومەت داوا لە قوتابی و خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی هەولێر دەکات بگەڕێنەوە دەوامی خۆیان

 حکوومەت داوا لە قوتابی و خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی هەولێر دەکات بگەڕێنەوە دەوامی خۆیان
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(سەفین دزەیی)، ڕایدەگەیەنێ کە، حکوومەت هەمان بۆچوونی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەیە، بۆیە داوا لە قوتابی و خوێندکاران دەکات بگەڕێنەوە دەوامی خۆیان، دووپاتی دەکاتەوە کە حکوومەت بۆ داهاتووی ئەو قوتابی و خوێندکارانە پەرۆشە و هەر بڕیارێک کە بیدات لە بەرژەوەندیی ئەوان دەبێت.

دەقی لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(سەفین دزەیی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەت:
دوای کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی کوردستان لەبارەی ناڕەزایی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆی پزیشکیی هەولێر، بەهۆی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لەو زانکۆیەدا، کە تیایدا دووپات کرایەوە هێشتا ئەو کۆلێژە نەکراوەتەوە و کار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دەکرێت و ئەگەر ئەم بڕیارەش درا ئەوا بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت.
ئێمە رایدەگەیەنین کە بۆچوونی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەمان بۆچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە قوتابی و خوێندکاران دەکەین بگەڕێنەوە دەوامی خۆیان و دووپاتی دەکەینەوە حکوومەت بۆ ئایندەی ئەو قوتابی و خوێندکارانە پەرۆشە و هەر بڕیارێک کە بیدات لە بەرژەوەندیی ئەوان دەبێت.
Top