شه‌پۆلێكی باران بارین ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كه‌شناسیی و بوومه‌له‌رزه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشبینیی كرد له هه‌فته‌ی داهاتوودا به‌هۆی پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، بارانێكی به‌لێزمه له ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ببارێت.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی رایگه‌یاند:"سبه‌ینێ هه‌ینی 21ی تشرینی دووه‌م 2014 هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی نزمه پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌ش دوای كشانه‌وه‌ی به‌رزه پاڵه‌په‌ستۆی توركیا، ئاسمانی هه‌رێم بۆ نیمچه هه‌ور و هه‌وری ته‌واو ده‌گۆڕێت "
ده‌شڵێت: "له‌گه‌ڵ بارینی نمه‌باران له ناوچه جیاجیاكان له‌كاته‌كانی شه‌ودا، دوای زیادبوونی كاریگه‌ری نزمه پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، رۆژی شه‌ممه 22ی تشرینی دووه‌م 2014 ئاسمانی هه‌رێم هه‌وری ته‌واو ده‌بێت، له‌گه‌ڵ بارینی باران.
پێشبینیش ده‌كرێت ڕۆژی یه‌كشه‌ممه بارانێكی به‌لێزمه له‌ناوچه جیا جیاكانی هه‌رێمی كوردستان ببارێت، له‌كاتی باران بارینیش خێرایی با زیاد ده‌كات و هه‌ندێك جار هه‌وره تریشقه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌بێت و پله‌ی گه‌رمیش چه‌ند پله‌یه‌ك نزم بێته‌وه ".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌ی هه‌رێم راشیگه‌یاندووه كه كاریگه‌ریی ئه‌م شه‌پۆله تا ڕۆژی دووشه‌ممه به‌رده‌وام ده‌بێت، پێشبینیش ده‌كرێت له‌شاری هه‌ولێر 10 بۆ 15 ملم باران ببارێت، له شاری سلێمانیش 15 بۆ 25 ملم و له دهۆكیش 15 بۆ 25 ملم باران ببارێت.
خه‌ندان
