لە رەبیعە پێشمەرگە سەركەوتنی راگەیاند.. دەیان تەرمی تیرۆریستان كەوتوونەتە دەست پێشمەرگەوە

 لە رەبیعە پێشمەرگە سەركەوتنی راگەیاند.. دەیان تەرمی تیرۆریستان كەوتوونەتە دەست پێشمەرگەوە
فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە توانی هێرشێكی فراوانی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنێ كە، بە جۆرێك لێك نزیك ببوون بە نارنجۆك و دەمانچە شەڕیان دەكرد، سەرئەنجام هێزی پێشمەرگە سەركەوتنی بە دەست هێنا و، داعش تێك شكێندران.

دوای شەڕێكی سەخت لە میحوەری رەبیعە، كە شەڕەكە گەییشتبووە ئاستی تەقاندنی دەمانچە و نارنجۆكی دەستی، كەمێك بەر لە ئێستا پێشمەرگە سەركەوتنی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا راگەیاند و، بە دەیان تەرمی تیرۆریستانیش كەوتوونەتە دەست پێشمەرگەوە.

فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك لیوا (عەبدولڕەحمان كەورینی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، سەعات حەوتی بەیانیی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش لە میحوەری رەبیعە، هێرشێكی بەر فراوانیان كردە سەر فەوجی سپیلك، هێزی پێشمەرگەیش قارەمانانە رووبەڕوویان بوونەوە و، شەڕەكە ماوەی سێ سەعاتی خایاند، سەرئەنجام هێزی پێشمەرگە هێرشەكەیانی تێكشكاند و سەركەوتنی بە دەست هێنا.
لیوا (عەبدولڕەحمان) دەشڵێت، "شەڕێكی زۆر بەهێز لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعشدا روویدا بە جۆرێك هێندە لە یەك نزیك بووین بە نارنجۆك و دەمانچە شەڕ دەكرا، ئەفسەرێكی پێشمەرگەیش بە دەمانچە شەهەید بوو".
فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك ڕوونیشی كردەوە، هێزی پێشمەرگە زیانی زۆری بە داعش گەیاندووە و بە دەیان تیرۆریست كوژراون كە زێتر لە 20 تەرمی تیرۆریستان كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگەوە.

)كەورینی) ئاماژەیشی دا، جگە لە زیانی گیانی، چوار هەمەڕ و نۆ ئۆتۆمبێل و بڕێكی زۆری چەك و تەقەمەنییش كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگە.
جێی ئاماژەیە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆیش پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر ناحیەی رەبیعە بەرپا كرد، هێرشەكانیان تێك شكێندران و پاشانیش هێرشی دووەم و سێیەمیان ئەنجام دا و لە بەرامبەر هێزەكانی پێشمەرگەدا خۆیان نەگرت و تیرۆریستان تێک شکان.
Top