هێرشێکی فراوان بۆ ئازادكردنی شارەدێی سەعدییە دەستیپێكردووە
فەریق روكن جەمیل شەمەری، فەرماندەی پۆلییسی دیالە بە دەزگاكانی راگەیاندنی راگەیاند؛ لە بەیانی ئەمرۆوە پرۆسەی ئازادكردن و كۆنترۆڵ كردنەوەی شارەدێی سەعدییە دەستی پێكردووە و بۆ ئەو مەبەستەش پۆلیس و سوپای عێراق بە هاوكاری چەكدارە خۆبەخشەكان و پشتیوانی فرۆكەی جەنگی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر ناوچەكە دەستپێکردووە.
بە وتەی جەمیل شەمەری، هێزە ئەمنییەكان و فرۆكە جەنگییەكان دەستیان بە بۆردومانی چەكدارەكان لە سنووری شارەدێی سەعدییە کردووە و لە هەنگاوی یەكەمدا توانیویانە رێگای "ئیمام وەیس" بگرن كە رێگایەكی سەرەكییە بۆ ناو شارەدێی سەعدییە.
فەرماندەی پۆلییسی دیالە ڕایگەیاند لە شەڕو پێکدادانەکانی ئەمڕۆ سێ چەكداری داعش كوژراون و ژمارەیەكیش برینداربوون و ئۆتۆمبیلێكی چەكدارەكانیش تێكشاوە كە چەك و تەقەمەنی تێدابووە و هەتا ئێستاش هێرشەکان بەردەوامن.
پێشتر بەرپرسێكی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند، لە بەیانی ئەمرۆوە فرۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق دەستیان بە بۆردومانی چەكدارانی داعش لە ناو سەعدییە کردووە و زیانی گەورەیان بەركەوتووە.
