لە جەلەولا پێشمەرگە ژمارەیەك چەكداری داعشی كوشت
وتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگە لە گەرمەسێر، عەمید ئەحمەد لەتیف، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ شەوی رابردوو لە سنووری شارەدێی جەلەولا، بە پێی چەند زانیارییەك كە بە لە چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە بە دەستیان گەیشت، چەكدارانی داعش سەرقاڵی كۆبوونەوە و خۆ رێكخسنەوە بوون لە ناو جەلەولا.
عەمید ئەحمەد لەتیف وتیشی، پاش دڵنیابوون لە زانیارییەكان لە لایەن هێزەكانی پێسمەرگەوە بە چەكی قورس بۆردومانێكی خەستی ناوچەكەیان كرد كە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەردەوام بووە.
ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، لەو بۆردومانەدا چوار چەكداری داعش كوژران و هەروەها زیانێكی زۆریشیان بەركەتووە.
وتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگە لە گەرمەسێر ئەوەشی خستەڕوو، چەكدارەكان لەناوچەكەدا ورەیان رووخاوە و رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو لاوازی دەچن و لە بەرامبەریشدا هێزەكانی پێشمەرگە بە ورەیەكی پۆڵاینەوە لە ئامادەباشیدان بۆ پارێزگاری كردن لە خاكی كوردستان.
