لە زوممار پێشمەرگە بۆردوومانی داعشی كرد.. گورزێكی كوشندەیان لێ درا
بەرپرسی ناوچەی زومماری پارتیی دیموكراتی كوردستان (ساڵح میرانی)، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە كاتی نالەباریی كەشوهەوا و باران باریندا، ویستیان هەل بقۆزنەوە و هێرش بكەنە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە لە گوندی عەوینات تا دەگاتە سنووری ناحیەی رەبیعە، بۆردوومانی موڵگە و شوێنی تیرۆریستانی داعشیان كرد و تێكیان شكاندن.
ئەو بەرپرسەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار گوتیشی، هەر شەوی رابردوو كاروانێكی گەورەی سەربازیی تیرۆریستانی داعش لە (بوابە) دەرگای شاری مووسڵ، ویستیان بۆ لای زوممار بێن، بەڵام هەر زوو فڕۆكە جەنگییەكان بۆردوومانی ئەو كاروانەی تیرۆریستانی داعشیان كرد و تەواوی تیرۆریستانی ناو كاروانەكە كوژران و ئۆتۆمبێلەكانیشیان تێك شكێنران.
(میرانی) زیاتر گوتی، تیرۆریستانی داعش گورزێكی كوشندەیان بەر كەوت و كوژراو و بریندارێكی زۆریان هەبووە، چونكە لە بەیانییەوە بە ئەمبوڵانس تەرمەكانیان بۆ نەخۆشخانەكانی ناو شاری مووسڵ دەگوازنەوە.
