پێشمەرگە پیلانێكی داعشیان پووچەڵ كردەوە.. ویستیان خۆیان لە مەزاری شێخ شەرفەدین نزیك بكەنەوە
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ)، بەkdp.info -ی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمرۆ دووشەممە تیرۆریستانی داعش لە رێگەی دوو هەمەر و ئۆتۆمبێلێك ویستیان بە دزییەوە بگەنە خانوویەكی نزیك مەزاری شێخ شەرفەدین و پاشان هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال گوتیشی، پێش ئەوەی نزیك بكەونەوە، هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی هاوەن و دۆشكە و بیكەیسی رووبەڕوویان بوونەوە و بۆیە هەر زوو بەرەو كۆمەڵگەی بۆرگ هەلاتن.
(قاسم شەشۆ) زیاتر گوتی، لە دوێنێوە ئەمە دووەم جارە بەم شێوەیە تیرۆریستانی داعش دەیانەوێت خۆیان نزیك بكەنەوە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هەمیشە چاوكراوەن و لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ لەناوبردنی هەر پیلان و جموجۆڵ و هێرشێكی تیرۆرستانی داعش لەو سنوورە.
