شەڕی هێزی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش و ئاستی بەرگریكردنی لە وڵاتی خۆی جیهانی سەرسام كردووە

شەڕی هێزی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش و ئاستی بەرگریكردنی لە وڵاتی خۆی جیهانی سەرسام كردووە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر عەلەم پایەند سەرۆكی سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆهایۆ بۆ گوتى: ئیسلام ئایینێكە كە خەڵكی ناچار ناكات بۆ ئەوەی بێنە ناو ئیسلامەوە، رێگەش نادات دەست بەسەر كڵێسایەك، یاخود پەرستگای جوولەكەیەكدا بگیرێت و بكرێتە مزگەوت. ئیسلام رێگەی بە بانگخوازی (دەعوە) داوە، بەڵام رێگەی بە كوشتنی مەسیحییەكان و ئێزیدییەكان و زەوتكردنی موڵك و ماڵەكانی نەداوە، یان هەر كەسێك بكوژێت. ئەگەر ئیسلام ئەم كارەی بكردایە، ئەوا ئیسلام بڵاو نەدەبۆوە بۆ ئیسپانیا و بۆ چین و بۆ ئەفغانستان، ئیسلام بە زەبر و زەنگ بڵاو نەبۆتەوە، بەڵكو لە رێی تەبلیغەوە بڵاوبۆتەوەو خەڵكیش قبووڵیان كردووە. راستە لە مێژووی ئیسلامدا هەندێك داگیركاریی و ناچاركردن بە گۆڕینی ئایین روویداوە.

هەروەها پڕۆفیسۆر عەلەم گوتی: ئێرانیەكان كارێكی باش ناكەن، سیاسییەكانی دەسەڵاتی ئێران پشتیوانی بەشار ئەسەدیان كردووە و پارەیان بۆ دابین كردن و حزبوڵاش شان بە شانی ئەو شەڕی كرد، تەنیا لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی ئەون. لەبەر ئەوە ئێرانیش هەندێ لە ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆ. هەروەها رووسیاش هەندێ لە ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆ. بەشار ئەسەدیش خەڵكەكەی خۆی دەكوشت و ئەویش هەمان كارەكەی داعشی دەكرد، سوننەكانی پەراوێز دەخست و ئەفسەرە سوننەكانی دەردەكردو خەڵكی لە حەمما دەكوشت، حافز ئەلئەسەدو بەشار ئەسەدیش-خەڵكیان لەوێدا كوشت-، لەبەرئەوە ئەوان ئەو كارەیان دەكرد و ئێرانیش پشتیوانی كردن. لەبەر ئەوە ئێرانیش رۆڵێكی یارمەتیدەری نەبینیوە، یەكێك لەو وڵاتانەی هەڵوێستێكی زۆر باشی هەبووە بریتییە لە توركیا، هەر لە سەرەتاوە توركیا گوتی: بەشار ئەل ئەسەد نزیكەی 300 هەزار خەڵكی خۆی كوشتووە كە زۆربەیان سوننەن. ئێستاش ئەو حوكمڕانییەكی سەربازی دەكات و چەك لە رووسیا وەردەگرێت و چەك لە ئێران و لە پاسداران و لە گاردی شۆڕشگێری وەردەگرێت.

شایانی باسە پایەند گوتی: ئەگەر گورزی ئاسمانی سەركەوتوو بووایە، ئەوا ئەمریكا لە شەڕی ڤێتنامدا سەركەوتوو دەبوو، ئەگەر گورزی ئاسمانی سەركەوتوو بوایە، ئەوا یەكێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستاندا سەركەوتوو دەبوو، لە 1979ـەوە بۆ 1989 بۆردومانی ئەفغانستانیان كرد و سەركەوتوو نەبوون. هێزێكی ئەمریكا لە 11ی سێپتەمبەری 2001ـەوە تا ئەمساڵ واتە بۆ 14 ساڵە لە ئەفغانستانن و هێشتا ئەمریكا سەركەوتوو نەبووە، كارەكە بە بۆردومانی ئاسمانی ناكرێت، ئەوەی كارەكەی پێ دەكرێت، ئەوەیە پرسیار بكرێت بۆچی ئەمریكا هێزی زەمینی بڵاو نەكردەوە، بۆچی سعودیە ئیمارات و كوەیت و قەتەر و مەغریب و میسر و تونس و جەزائیر، جامیعەی عەرەبی ئەم كارەیان نەكرد؟ بۆچی ئەوان هێزیان بڵاو نەكردەوە؟ پێویستە ئەوان هێز بڵاوبكەنەوە، گومان لەوەدا نییە كە پێویستە هێزی زەمینی بڵاو بكرێتەوە.

لە درێژەی دیدارەكەیدا پایەند گوتی: ئەگەر داعش زیرەك بوونایە، ئەوا ئەو كارانەیان نەدەكرد كە كردیان، لە كوشتن و سەربڕینی خەڵك و سووتاندن و بۆردومانكردنی شوێنەكان، لە سەدەی بیست و یەكدا كەس ئەم دڕەندەییەی ناوێت. دەیانتوانی حكومەتێكی میانڕەو دروست بكەن، ئەوا خەڵكی بەرەوپیریان دەچوو و پشتیوانی دەكردن، ئەگەر بێتو بواریان بە جیاوازی بیروبۆچوون بدایە، بەڵام ئەوان ئەم كارەیان نەكرد. لە سەرەتادا سەركەوتوو بوون، خەڵكی پشتیوانی دەكردن، بەڵام لە كۆتاییدا گۆڕان بۆ دامەزراوەیەكی دڕندە. ئەمەش بەرەوپێشچوونێكی جێی داخە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات، وڵاتە عەرەبیەكانیش ناتوانن بگەنە چارەسەرێك.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1001)
Top