پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەكان كردووە بۆ ئەوەی هەرچی كۆمەك و پێداویستی هەیە بۆ پەنابەرەكان دەستەبەر بكرێت

پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەكان كردووە بۆ ئەوەی هەرچی كۆمەك و پێداویستی هەیە بۆ پەنابەرەكان دەستەبەر بكرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دكتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوتى: پلانی وەزارەتی پلاندانان لەم بارودۆخەی ئێستادا زیاتر خۆی لە چەند خاڵێكی سەرەكی دەبینێتەوە كە گرنگترینیان دروستكردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان ئاوارەكان (ئەوانەی لە كەمپەكان و ئەوانەی لە دەرەوەی كەمپیش نیشتەجێن) وئەو لایەنە دەرەكییانەی كە دەیانەوێت بە جددی هاوكاری پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكەن لە بواری مرۆییەوە، هەروەها دانانی میكانیزم و پلانی چۆنیەتی یارمەتیدانی ئەم خەڵكە لەم قەیرانەدا.

هەروەها عەلی سندی گوتی: لە كاتی پەسندنەكردنی بودجە پێویست بوو حكومەتی عێراق مانگانە 2%ی بودجەی ساڵی رابردوو بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بنێرێت كە تێكڕای هەموو ئەو بڕە پارەیەش نزیكەی 1 ملیار دۆلاری ئەمریكی دەبوو. ئێمە هیوادارین كە حكومەتی نوێی بەغدا بتوانێت بودجەی 2014 بنرێت، بەڵام ئەویش تاوەكو پەسند نەكرێت ناتوانێت پشكی هەرێمی كوردستان بنێرێت.. بەهەمان شێوە بۆ ساڵی 2015 . ئەگەر كێشەكان لە بەغدا چارەسەرنەكرێن ئەوا ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەردەوام كێشەمان دەبێت لەسەر بودجە لەبەر ئەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم و داهاتی نەوت بەشی هەرێمی كوردستان ناكات لەم كاتەدا.

شایانی باسە سندی گوتی: ئێمە وەك وەزارەتی پلاندانان هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی بارودۆخی ئەم دواییە كە بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە لە ناوچەكەوە دروست بوو، رۆژانە لەگەڵ دەزگا و رێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان لە كۆبوونەوە و هەماهەنگی بەردەوامداین بۆ ئەوەی چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، یان لەسەر ئاستی دەرەوە بتوانین پەیوەندی زیاتر و تۆكمەتر دروست بكەین بە مەبەستی زووتر و زیاتر گەیاندنی هەرچی خزمەتگوزاری پێویست و دروست و بەپەلە هەیە بۆ خوشك و برایانی ئاوارە، چ لە نێو كەمپەكان بن، یاخود ئەوانەی كە دابەشبوون بەسەر شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاند.

لە درێژەی دیدارەكەیدا عەلی سندی گوتی: هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان لە لایەك رووبەڕووی بڕینی بودجە بووەتەوە و لەلایەكی دیكەوە بەدرێژایی زیاتر لە 1050 كیلۆمەتر لە شەڕێكی دژ بە تیرۆریستانی داعشدایە كێشەیەكی زۆر گەورەیە و حكومەتی هەرێم ئەو توانا داراییەی نەبووە كە بتوانێت بەپێی پێویست خزمەتی ئاوارەكان بكات. ئەوەی كە تا ئێستا بۆ ئاوارەكان كراوە زیاتر لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بەشێوەی جیاواز هاوكاریكراون كە جێگەی رێز و سوپاسێكی زۆرن و بەڕاستی سەلماندیان كە خەڵكێكی خۆڕاگرن و دڵسۆزن بۆ لێقەوماوان.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1001)
Top