مووسڵ.. لە جیاتی چوار وانەی سەرەكی، قوتابیان مێژوو و خەباتی داعش دەخوێنن

 مووسڵ.. لە جیاتی چوار وانەی سەرەكی، قوتابیان مێژوو و خەباتی داعش دەخوێنن
بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ڕایگەیاند، داعش بە زۆر قوتابیان فێری چەكهەڵگرتن دەكات و دەیانباتە شەڕ، هاوكات چوار وانەی سەرەكیی خوێندنیشی لابردوون و لە شوێنی ئەوان مێژوو و خەباتی داعش دەخوێندرێت.



بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە Kdp.info-ی راگەیاند، "بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەییشتوون، داعش لە مووسڵ بڕیارێكی دەركردووە كە بە زۆر قوتابیانی قۆناخەكانی دواناوەندی مەشقیان پێ دەكات لەسەر بەكارهێنانی چەك و قوتابیان دەبردرێن بۆ سەربازگەكانی مەشقكردن، بەو هۆیەیشەوە ژمارەیەكی زۆری قوتابیان قوتابخانە و ماڵەكانیان جێ هێشتووە و هەڵاتوون".



(عیسمەت) گوتیشی، جگە لەوە داعش چوار وانەی خوێندی لابردوون كە هەر یەكە لە جوگرافیا، مێژوو، زانست و هونەرن و لە شوێنی ئەوان وانەی دیكەی داناوە كە باس لە مێژوو و خەباتی داعش دەكەن و بەزۆریش بە قوتابیان دەخوێندرێت.


زیاتر گوتی، داعش داوای لە پیاوانی ئایینیی مووسڵ كردووە كە داوا لە گەنجەكان بكەن خۆبەخشانە چەك هەڵبگرن و لە هەر خێزانێك سێ تا چوار برا بن پێویستە دووانیان چەك هەڵبگرن و هەڕەشەی گرتن و ئەشكەنجەدان لەو كەسانە دەكەن كە ئەو داوایە رەت بكەنەوە.



ئاماژەیشی دا كە، هەر ئەمڕۆ لە میحوەری تل زەهەب 22 تەرمی تیرۆریستانی داعش گەیەندراونەتەوە ناوچەی ئاسكی مووسڵ و ژمارەیەكی زۆری برینداریشیان بە ئامبۆڵانس بۆ نەخۆشخانەكانی مووسڵ گواستراونەتەوە.
Top