سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا كۆبۆیەوە
لە كۆبوونەوەكەدا كە مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و فەریق شێروان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەوەی كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان بە باشی بەڕێوە دەچێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە هێزە هاوپەیمانەكان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و مەشقپێكردنیان و هەروەها وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە تیرۆریستان لە هەر شوێنێك كە پێویست بكات.
سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و پێزانینی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆردا هەبوو و سەرەخۆشیشی لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا شەهید بوونە و گیانی خۆیان بەخت كردووە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی و هێزە هاوپەیمانەكان لەشەڕی دژی داعشدا پشت بە ستراتیژییەكی هەمەلایەنەی ڕوون دەبەستێت.
سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا ڕایگەیاند كە ئامانجی سەردانەكەیشی بۆ هەولێر لەنزیكەوە ئاگاداربوونە لە بارودۆخی مەیدانی و هەروەها گوێگرتنە لە پێشنیار و ئامۆژگاری و بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی لەبارەی چۆنییەتیی بەردەوامبوون لە لێدان و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش، هەروەها ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هێزە هاوپەیمانەكان هەموو تێبینییەكانی هەرێمی كوردستان و پێداویستییەكانی پێشمەرگە بە جدی وەردەگرن و كار بۆ دابینكردنی دەكەن.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی جەنەڕاڵ مارتین دەمبسی و شاندی یاوەری كرد و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ پاڵپشتی و ڕۆڵی ئەمەریكا و هاوپەیمانان دووپاتكردەوە كە هاوكارییەكانیان لە شەڕی دژی داعش كاریگەر بووە.
سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا بە وردی تیشكی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و باسی لە چۆنییەتیی تێكشكانی تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەدا سەرباری ئەوەی هێزی پێشمەرگە ئابڵۆقەی لەسەر بوو، بە ئیمكانیاتێكی كەم توانی هێرشی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ڕابگرێت كە چەكی پێشكەوتوو و ئیمكانیاتی دوو دەوڵەتی كەوتبوو دەست.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگە زۆر خێرا توانی هێرشی داعش ڕابگرێ و خۆی بكەوێتە هەڵوێستی هێرشبردن و لە زۆر شوێن تێكیانبشكێنن.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هەموو قوربانییەك دەدەین بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە وڵاتی خۆمان وەدەربنێین و هەموو بستێكی كوردستان لە چنگی تیرۆریستان ئازاد دەكەین.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە شەڕی تیرۆر تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە بەڵكو پێویستە لەڕووی فكری و سیاسی و ئابووریشەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە، ئەوەیشی بە پێویست زانی كە هیچ پەناگەیەك نابێ لە عێراق و سووریا و هیچ شوێنێكی دی بۆ تیرۆریستان بمێنێت.
سەرۆك بارزانی دەستخۆشیشی لە هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە تا ئێستا تەنانەت یەك شوێنی مەدەنییش نەكراوەتە ئامانج و هەماهەنگی و هێرشەكان بە پڵانی ڕێكوپێك بەڕێوە دەچێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیە چۆنییەتیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق خرایە بەر باس و هەردوولا دووپاتیان كردەوە كە پێویستە بەغدا لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە جدی بێت و ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی بارودۆخی كۆبانێ و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ كرا و هەردوولا جەختیان لەسەر پاراستنی كۆبانێ و پاڵپشتیكردنی ئەو هێزەی پێشمەرگە كردەوە كە ئێستا لە كۆبانێ بەشداری شەڕی دژی داعشن.
