ئیتاڵیا چوار فڕۆكەی تۆرنادۆ دەنێرێتە عێراق

 ئیتاڵیا چوار فڕۆكەی تۆرنادۆ دەنێرێتە عێراق
وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا رایدەگەیەنێت، كە چوار فڕۆكەی شەڕكەر لە جۆری تۆرنادۆ دەنێرێتە عێراق بۆ بەشداریكردن لەو هاوپەیمانێتییە نێودوەڵەتییەی، كە دژی رێكخراوی داعش پێكهێندراوە.

گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی دیڤینس نیوزی ئەمریكی تایبەت بە هەواڵی سەربازی راگەیاندووە، كە "ئەو چوار فڕۆكەیە لە بنكەی ئەحمەد جابر لە كوەیت بەكاردەهێندرێن بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر مۆڵگەكانی داعش لە عێراق".

لەلایەكی دیكەوە رۆبێرتا بینۆتی، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لە نووسراوێكدا كە بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی ناردووە، رایگەیاندووە، كە "لەگەڵ ئەو چوار فڕۆكەیە، 135 سەرباز وەكو پشتیوانی رەوان دەكرێن".

بینۆتی ئەوەش دەڵێت، كە "ئیتاڵیا ژمارەیەك چەكی بۆ عێراق رەوانەكردووە، چەكەكانیش دژە تانك بوونە لە جۆری فۆلگۆر-80ملم، كە پێشتر لەلایەن سوپای ئیتاڵییەوە بەكارهاتووە".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە ئیتاڵیا لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو فڕۆكەیەكی هەڵگری وزەی لە جۆری 767 لەگەڵ دوو فڕۆكەی دیكە لە جۆری بریدیتۆر بۆ پرۆسەكانی دژی چەكدارانی رێكخراوی داعش رەوانەكرد، ئەمە بێجگە لە رەوانەكردنی 280 راهێنەری سەربازی.









ئاژانسەكان
Top