شارەزایان داوای دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت بە شوێنەوار لەهەرێمی کوردستان دەکەن
ئەو داوایەش لەوکاتەدا هات کە هەولێر پێش دوو هەفتە شایەدی دوو رووداوی زۆر گرنگی پەیوەست بەم پرسەوە بوو، یەکەمیان راگەیاندنی فەرمی چوونی قەڵای هەولێر بوو وەکو یەکەمین شوێنەواری کوردستان وچوارەمین شوێنەواری عیراق لە لیستی کەلەپوری جیهانی رێکخراوی یونیسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. دووەمیش بەستنی یەکەمین کۆنفڕانسی پاراستنی شوێنەوار بوو لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری شارەوانی وگەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، تائێستا پرسی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان، بایەخێکی پێویستی پێ نەدراوە. وتیشی کە لەو شوێنانەی کە چەکدارانی رێکخراوی تێرۆریستی ناسراو بە داعش دەستیان بەسەردا گرتووە شوێنەوارەکانی کوردستان وعیراقیش بەگشتی لەژێر هەڕەشەدان، چونکە تیرۆریستان دەیانەوێ لەگەڵ تێکدانی ئەو شوێنانەی داگیریان دەکات، هیچ مۆرکێکی مێژوویی وشوێنەواری تیادا نەهێڵن.
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی وگەشتوگوزار، لەمیانەی وتارێکیدا لەیەکەمین کۆنفڕانسی شوێنەواریدا کە بەنوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت لە 28ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردوو پێشکەشیکرد ئاماژەی بەوەدا، "ئەگەرچی پرسی شوێنەوار لەهەرێمی کوردستان وەکو پێویست بایەخی پێ نەدراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستکەوتی زۆر لەمبارەیەوە بەدەستهاتوون کە گرنگترینیان چوونی قەڵای هەولێرە بۆ نێو لیستی کەلەپوری جیهانی ودۆزینەوەی چەندین ناوچەی شوێنەواری دێرین لەکوردستان".
وەزیری شارەوانی وگەشتوگوزار لەلێدوانێکی تایبەت بەماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەو شوێنانەی لەجەنگەوە نزیکن بێگومان لەژێر هەڕەشەی تیرۆریستاندان ومەترسی ئەوەیان هەیە دەستی تیرۆریستانیان پێبگات". هەربۆیە هەبوونی لیژنەی تایبەتیشی بۆ ئەم مەبەستە بە پێویست زانی بەهاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ دەزگاکانی پۆلیس وئاسایش.
هەروەها وەزیر راشیگەیاند "لە یەکەمین کۆنفڕانسی پاراستنی شوێنەوار لەهەرێمی کوردستان باس لەپرسی زۆر گرنگ کرا سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لەبەردەم ئەم بوارەدا هەن، بەتایبەتی لەڕووی دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت بە شوێنەوار لەهەرێمی کوردستان".
بەرپرسانی بواری شوێنەوار، دامەزراندنی ئەم دەستەیە بەهەنگاوێکی گرنگ دەزانن بۆ پێدانی هێزێکی زیاتر بۆ ئیدارەکردنی ئەم دۆسێیە وتەنانەت پێشیان وایە کە دەبوایە ئەم دەستەیە، پێشی دامەزراندنی گەشتوگوزار دابمەزرێت چونکە شوێنەوار فاکتەری سەرەکی هێنانی گەشتیارە، بەتایبەتی کە کوردستان زیاتر لە 4000 شوێن وپێگەی گەشتیاری تیادایە.
کەمال ڕەشید بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی لەلێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە،"ساڵانە بەڕێوەبەرایەتیەکانی شوێنەوار بەرەو فراوانی دەڕۆن وشوێن وناوچەی تازەی شوێنەواری دەدۆزرێتەوە وڕەنگە ئەو هەموو بەڕێوەبەرایەتیە بەبێ نەبوونی مەرجەعێک نەتوانن ئیشەکانی خۆیان بەسەرکەوتووی ڕابپەڕێنن".
ئاماژەی بەوەشدا ئێستا بۆ دەستبەسەرداگرتن بەهەر هەوڵێکی بەقاچاغبردنی شوێنەوار لەسنووری سلێمانی زیاتر لە 75 پاسەوان لەناوچە شوێنەواریەکاندا هەن. دووپاتیکردەوە کە "رۆژانە هاوڵاتیان لەو شوێنانەی کە پاسەوانیان لێ نیە پەیوەندی بەلایەنە بەرپرسەکان دەکەن بۆ ئاگاداربوون لەهەبوونی ئاسەوار لەم شوێنانەدا".
شکور محەمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، لەلێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەبوونی ئەو دەستەیەی بە پێویستیەک دانا بۆ زیاتر کاراکردنی کار وپرۆژەکانیان بەتایبەتی لەناوچەکی گەرمیان کە زیانێکی زۆری لەمبارەیەوە لەسەردەمی بەعسدا پێکەوتبوو وپێویستە ئێستا زیاتر رێکبخرێتەوە.
ئەوەی خستەڕوو کە ڕژێمی بەعس لەزۆر لەو شوێنانەی ئاسەواری کۆنی مێژوویی تیادا هەیە ڕەبیەی سەربازی دروست کردبوو وبەشێکی زۆری شوێنەواری ئەو میللەتە بەقاچاغ دەبردرایە وڵاتانی دەرەوە وهیچ دەزگایەک لەو ناوچەیەدا نەبوو بۆ پاراستنی شوێنەوار، تەنانەت دوای نەمانی بەعسیش بەهۆی فراوانبوونی شارەکان وجێبەجێکردنی پرۆژەی گەوروە، ئەو شوێنە مێژووییانە کەوتبوونە بەر هەڕەشەی ونبوون ئەمە جگە لەهەڕەشەی تیرۆر بەتایبەتی لەناوچەکانی قەرەتەپە وجەلەولا وسەعدیە ومەندەلی کە نەگەڕاونەتە سەر هەرێمی کوردستان وهەندێکیشیان لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعشدان".
ئەوەشی راگەیاند کە بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەموو دام ودەزگاکانی حکومەت گشتێندراوە کە ناکرێ "بەبێ رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار هیچ مۆڵەتێکی کارکردن نابێ بدرێت وناکرێ هیچ پرۆژەیەکی تیادا جێبەجێ بکرێت نەبادا شوێنەواری لێبێت".
ئاماژەی بەوەشدا بڕی 21 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕ وقەیسەری کفری لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە تەرخان کرابوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی عیراق وکوردستان ئەم پرۆژەیە وەستا.
لەلای خۆشیەوە نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر ئەوەی خستەڕوو کە بارودۆخی هەولێر لەڕووی پاراستنی شوێنەوارەوە بەهۆی چالاکی بەردەوامی خودی پارێزگارەوە لە زۆر لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان وعیراقیش باشترە وئاشکراشیکرد "لەسنووری پارێزگای هەولێر هیچ پرۆژەیەک بەبێ رەزامەندی لایەنی بەرپرسی شوێنەوار جێبەجێ ناکرێت".
لە لێدوانێکیشدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حکومەت دووپاتیکردەوە "هەبوونی دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ شوێنەوار دەبێتە مایەی کارئاسانی بۆ ڕێکخستنی ئیش وکار لەمبارەیەوە بەتایبەتی کە ئێستا زۆربەی زانکۆکانی کوردستان لەبواری شوێنەواردا پەیوەندیان لەگەڵ بەناوبانگترین رێکخراو ودەزگای بەناوبانگی جیهانی هەیە".
هاوکات د.حەسەن ئەحمەد قاسم بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک رۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی لەپاراستنی شوێنەواری لەسنوری پارێزگای دهۆک بەرز نرخاند ودووپاتیشیکردەوە "ئەو هەڕەشانەی لەسەر شوێنەوار لەو سنوورەدا هەیە لەو شوێنانەیە کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە بەتایبەتی لەشنگار کە تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەردا گرتووە".
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە "هەبوونی دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ شوێنەوار وکەلەپور کە سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بێت لەبەرژەوەندی هەموو کوردستاندایە ودەتوانێت بەشێوەیەکی زۆر زانستیانەتر وبەپلانێکی تۆکمەترەوە کار بکات".
ئاماژەی بەوەشدا "ئەم داوایە هەموو بەرپرس وشارەزایانی ئەم بوارە لەسەری کۆک بوون، بەو پێیەی دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ زیاتر رێکخستنەوەی کارکردن لەم بوارە وپێدانی هێزێکی دیکەی ئیداری ویاسایی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان لەو بوارە گرنگەی کە ناسنامە ومێژووی نەتەوەی کوردە".
