لێدوانی فەرماندەی پێشمەرگە لەبارەی "ژەهراویبوونی پێشمەرگە" لە کۆبانێ
ئەحمەد گەردی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ رایگەیاند، "ئەو هەواڵانەی باس لە ژەهراویبوونی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە لە كۆبانێ دەكەن، هیچ بنەمایەكیان نییە و دوورن لە راستی".
ئەحمەد گەردی سەبارەت بەو دەنگۆیانە گوتی، "نزیكەی 12 پێشمەرگە تووشی حاڵەتی سكچوون بوون، كە پێدەچێت بەهۆی ئاووهەوا بێت، بەڵام هیچ پەیوەندی بە خواردنی ژەهراوییەوە نییە و شتێكی ئاساییە".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ جەختی لە باشیی تەندروستی پێشمەرگەكان كردەوە و گوتی" هەموو پێشمەرگەكان ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە و هیچ كێشەیەك نییە".
ئەحمەد گەردی سەبارەت بە دۆخی ئێستای كۆبانێ گوتی، "شەڕ و پێكدادانەكان بەردەوامن و لە چەند ناوچەیەك توانیومانە چەند سەت مەترێك پێشڕەوی بكەین".
رووداو
