پێشمەرگە هێرشی داعشی لە خەرابەڕووت تێكشكاند
فەرماندەی لیوای 2ی پێشمەرگە لە "خەرابە ڕووت"، لیوا نادر عەبدوڵا، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند: دوای ئەوەی هێزەكانمان لەم چەند ڕۆژەدا لە گوندی خەرابەڕووتی سەر بەشارۆچكەی دووبز گورزێكی كوشندەیان لە تیرۆریستانی داعش دا و بەرزاییەكانیان كۆنتڕۆڵ كرد، گەیشتنە دەروازەی گوندی خەرابەڕووت و هەندێك پێشمەرگە چوونە نێو گوندەكەیشەوە. دواتر پێیانمان ڕاگەیاند بكشێنەوە نەوەك ئەمە پیلانی تیرۆریستان بێت .
لیوا نادر عەبدوڵا، گوتی: لە كاتژمێر یەك و نیو تیرۆریستان هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لەو گوندە تاكو كاتژمێر پێنج و نیو وەڵامی توندی تیرۆریستانمان دایەوە و توانیمان دوو بیكەیسی و دووشكەیەك و چەندین چەكی دیكە بگرین و لەو شەڕەدا جگە لەوەی زیانی زۆرمان بە تیرۆریستان گەیاند، بەڵام جارێ نازانین كوژراو برینداری تیرۆریستان چەندە .
ئاماژەی بەوەكرد کە لەو شەڕەدا هێزی پێشمەرگە تەنها پێنج برینداری هەیە و لەو شوێنانەی خۆی ماوەتەوە كە پێشتر تیرۆریستانی داعشی لێدەركردبوو .
جێگەی باسە ، دوێنی ئیوارە تیرۆریستانی داعش لە نزیك ئەو گوندە 18 كوژراو برینداریان هەبوو. بەو هۆییەوە لەو ناوچەیە ورەیان بەتەواوی ڕووخاوە و لە هەڵهاتندان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شارۆچكەی حەویجە و دەوربەری .
