11 كەس لەسەر بازرگانیكردن لەگەڵ داعش دەستگیركراون

 11 كەس لەسەر بازرگانیكردن لەگەڵ داعش دەستگیركراون
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە ژمارەیەک کەس لە کەیسی بازرگانیکردن لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەستگیرکراون.

كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە دوای كۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی بە پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، "تاوەكو ئێستا 11 كەس لەسەر دۆسیەی بازرگانیكردن لەگەڵ داعش دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە".

سەبارەت بە ناسنامەی ئەو 11 كەسە، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، "جارێ كاتی ئاشكراكردنی ئەو ناوانە نییە و دادگا بڕیاری لەسەر دەدات".

رۆژی چوارشەممە 12-11-2014 لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پرسی بازرگانیكردن چەند بەرپرسێکی کورد لەگەڵ داعش، رایگەیاند، "بازرگانیكردن لەگەڵ داعش بە هەموو پێوەرێك خیانەتێكی نیشتمانییە و حكومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێكارێكی یاسایی لەمبارەیەوە دەگرێتەبەر".

بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنە تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە دروستکرا و بەردەوام خەریكی بەدواداچوونە و كارەكانی خۆی ئەنجام دەدات.









رووداو
Top