دوای برینداربوونی ئەبوبەكر بەغدایی، چەكدارانی داعش بە كۆمەڵ هەڵدێن
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، برینداربوونی ئەمیری داعش (ئەبوبەكر بەغدایی)، كاریگەریی زۆری لەسەر ورەی چەكدارانی داعش هەبووە، بە جۆرێك ئەو رێكخراوە تووشی ڕووخان هاتووە و نزیكەی 200 چەكداریان چەكەكانیان فڕێ داون و هەڵاتوون.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، لە ئێستادا دەستیان كردووە بە گرتنی هاووڵاتیان و بە شێوەیەكی فراوانیش بە دوای چەكدارە هەڵاتووەكاندا دەگەڕێن.
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، داعش نزیكەی 50 چەكداری گولـلەباران كردوون، كە بەنیاز بوون لەناو ریزەكانی ئەو رێكخراوە رابكەن.
دەشڵێت كە، شەوی رابردوو چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ بە نارنجۆكی دەستی هێرشیان كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش لە جۆری كۆستەر لە دەروازەی ئاسكی لە مووسڵ كە بەنیاز بوون بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی كەسكی بۆ پشتگیریكردنی تیرۆریستانی ناوچەكە، لە ئاكامدا تەواوی چەكدارەكان كوژران و بریندار بوون.
(رەجەب) هەروەها گوتی، داعش لە مووسڵ بڕیاری داوە نابێت هیچ كەس و خێزانێك لە مووسڵ بچێتە دەرەوە، تاوەكو پشتگیری لە دادگەی شەرعیی داعش نەهێنێت.
